نوچە
بەپێی ئامارەکان، تاکوو ئێستا 39 کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەی خارپێتی باکووری کوردستان گیانیان لەدەست داوە و نزیکەی یەک هەزار و 560 بریندار بوون.
ئێوارەی رۆژی هەینی 24-1-2020، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.8 بە پلەی رێختەر چەند ناوچەیەکی باکووری کوردستان هەژاند و بەپێی زانیاریی بوومەلەرزەزانیی تورکیا تاکوو ئێستا 640 پاش لەرزەی دەیکە لەو ناوچانە تۆمار کراوە و ئەمەش بووەتە سەرچاوەی ترس و دڵەڕاوکێی خەڵکی ئەو ناوچانە.
بەپێی زانیارییەکان جیا لەوەی تاکوو ئێستا 39 کەس گیانیان لەدەست داوە، تەرمی دوو کەسی دیکەش لەژێر داروپەردووی بینا ڕووخاوقەکانی خارپێتدا گیری خواردووە و تیمەکانی فریاگوزاری سەرقاڵی دەرهێنانیانن.
بەپێی دوایین ئاماری میدیاکانی تورکیا، نزیکەی یەک هەزار و 560 کەسیش بریندار بوون، بە سەدان بینا و باڵەخانە زیانی زۆریان پێ گەیشتووە، کە 77 بینا و باڵەخانە لە خارپێت و دەوروبەری بە یەکجاری خاپوور بوون و داڕووخاون.