هەڵوێستی سوننە لەبارەی دروستکردنی هەرێم دەخرێتەڕوو

0

شلێر سەعید 

پەرلەمانتارێكی خولی پێشوی عێراق دەڵێت، بەشێك لە شیعەكان پێیان وایە پێویستە ئەوانیش هەرێمێكی دیكەیان هەبێ و هەرچەندە سوننەكان پیشتر وابیریان دەكردەوە، كە بوونی هەرێمێكی دیكە عێراق بەرەو پارچە پارچەبوون دەبات و یەكڕیزی عێراق تێك دەچێ‌، بەڵام ئێستا ئەزمونیان لە هەرێمی كوردستان وەرگرتووە، كە ئەوە باشترینە بۆ ئەوان.

لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچە د. سۆران ئیسماعیل عەبدوڵڵا، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە فراكسیۆنی پارتی، دەربارەی دەركردنی هێزی ئەمنی كاریگەری نەرینی نابێت لەسەر گەمارۆی ئابوری یاخود لە ڕوی ئاسایش ڕایگەیاند: ئەو رێكکەوتنامەی هەیە لە نێوان ئەمریكا و عێراق، دەبوایە ساڵێك پیشتر رایبگەیەنن، كە دەیانەوێ‌ ئەو بڕیارە هەڵبووەشێنەوە. ئەو بڕیارەی پەرلەمان، بڕیارێكی شیعەیە نەك عێراق، چونكە تاك لایەنەیە نە كورد نە سوننە دەنگیان پێنەداوە. 

سۆران ئیسماعیل ئاماژەی بەوەكرد، کە سوننە پێیان وایە چۆنکە عێراق لەسەر دەستی ئەمریكا رووخا و ئێستاش دەیانەوێ‌ هەستنەوە سەر پێ و ئەوەش بەهاوكاری ئەمریكا نەبێت ناكرێ، چونكە بە تەنها ناتوانن روبەڕووی ئێران و شیعە ببنەوە. كوردیش بەهەمان شێوە بەرژەوەندی هەیە لەگەڵ ئەمریكا و باش نییە ئەمریكا بكشێتەوە؛ هەرچەندە كورد هەڵوێستی باشترە لە سوننەی عێراق، چونكە ئەوان هیچ قەوارەیەكی سیاسییان نییە یان هەرێمێكیان هەبێت و ئەو سوننەیەی، کە هەشە لەناو حكومەتی عێراق بێ کاریگەرن و زۆربەیان كڕدراون لەلایەن شیعەكانەوە.

دەربارەی بە هەرێم بوونی سوننە ئایە دەبێتە هۆی سەقامگیری عێراق یان دژایەتی و تێچوونی زیاتری دۆخەکە، سۆران ئیسماعیل گوتی، گەر بگەڕێنەوەی باکگراوندی ئەو بابەتە كاتی خۆی شیعە لەگەڵ ئەوە بوو، كە هەرێمی دیكە هەبێت، چونكە متمانەیان بەخۆیان نەبوو، كە 18 پارێزگا بەڕیوە ببەن، دواتر زانیان ئێران دەستی بەسەر مەیدانەكە داگرتووە، بێدەنگەیان لێکرد. 

بەڵام لە ئێستا دا شیعە و سوننە لە ئەزمونی هەرێمی كوردستان ئەزمونیان وەرگرتووە، بەشێك لە شیعەكان پێیان وایە، پێویستە ئەوانیش هەرێمێكی دیكەیان هەبێ و هەرچەندە سوننەكان پیشتر وابیریان دەكردەوە، كە بوونی هەرێمێكی دیكە، عێراق بەرەو پارچە پارچەبوون دەبات و یەكڕیزی تێك دەچێ‌ و خۆیان بەخاوەنی هەموو عێراق دەزانی، ئێستا دوای 13 ساڵ گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی، كە خاوەنی عێراق نین و بوونی هەرێم بۆ ئەوان پێویستە، چونكە ئەوان بەشێكن، کە %20-ی عێراق پێكدەهێنن. 

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش كرد، کە دەبێ عێراق هەرێمێكی دیكەی هەبێت بە پێی سیستەمی فیدراڵی عێراق و جگە لە كوردستان دەبێ هەرێمی دیكە هەبێت، سوننەش حەز دەكات لە ئێستا دا هەرێمێكی هەبێت لە موسلەوە تا ئەنبار.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com