نوچە
سوپای ئەڵمانیا دوای سێ هەفتە لە راگرتنی چالاکییەکانیان دەڵێت، مەشقکردنیان بە هێزەکانی پێشمەرگە دەستپێکردۆتەوە.
دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و نۆ کەسی دیکە لەلایەن ئەمریکاوە پاشان موشەکبارانی هێزەکانی ئەمریکا لەلایەن سوپای پاسدارانەوە وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش سەرجەم چالاکییەکانیان راگرت.
رۆژی ٧-١-٢٠٢٠، سوپای ئەڵمانیا چالاکییە سەبازییەکانی خۆی لە عێراق راگرت و ٣٧ سەربازی خۆی کشاندەوە زۆرینەشیانی بەرەو ئوردن رەوانەکرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦-١-٢٠٢٠، وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، مەشقپێکردنیان بە هێزەکانی پێشمەرگە لە پارێزگای هەولێر دەستپێکردوەتەوە، لەپاش ئەوەی بۆ ماوەی سێ هەفتەیە هەموو چالاکییەکانیان لە عێراقدا راگرتبوو.
وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کردووە، هێزەکانی ئەڵمانیا، کە ژمارەیان 90 سەرباز دەبێت، لە پارێزگای هەولێر دەستیانکردوەتەوە بە ئەرکەکانیان، بۆ مەشقپێکردنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.
سوپای ئەڵمانیا جەختیشیکردەوە، “هێزەکانی ئەڵمانیا هێشتا دەیەوێت چالاکییە راگیراوەکانی لە ناوەڕاست و باشوری عێراق دەستپێبکاتەوە ئەگەر حکومەتی عێراق داوای لێبکەن”.