شلێر سەعید
دوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە لە چین هەڕەشە لە وڵاتان دەکات، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رایدەگەیێنێت، كە ئەوان لەگەڵ رێكخراوی تەندروستی جیهانی و وەزارەتی تەندروستی عێراق، لە پەیوەندیدایە بۆ هەر ئەگەرێکی لەناکاو.
لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچە د. محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئامادەكاریمان كردووە بە جیاكردنەوەی ژوری تایبەت و بڵاوكردنەوەی هۆشیاری تەندروستی لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا و ڕادیۆكان.
محەمەد قادر گوتیشی، تاوەکو ئێستا ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بڵاونەبووەتەوە، بەڵام وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام لەگەڵ رێكخراوی تەندروستی جیهانی و وەزارەتی تەندروستی عێراق لە سەر هیَڵین بۆ هەر ئەگەرێکی لەناکاو.
سەبارەت بە گەشتەكان، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گوتی، تا ئێستا ئێمە پشكنینمان نییە لە فڕۆكەخانەكان و هەركاتێك پێویست بكات لەگەڵ حكومەتی عێراق و رێكخراوی تەندروستی جیهانی، دەست دەكەین بە پشكنین.
هاوكات ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە هاوڵاتیان بەردەوام بن لە خۆپارێزی و گەشت بۆ ئەو وڵاتانە نەکەن، کە ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدا بڵاوبووەتەوە بەتایبەتی چین، چونکە ڤایرۆسەکە دەگوازرێتەوە و مەترسی تووشبوونیان هەیە.
نیشانەکانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا
هاوشێوەی سەرما بوونن ئازاری جەستە و لەرز و سەرئێشەی لەگەڵدایە و ئاو لە لووت هاتن، کۆکە، تا، هەناسەتەنگی، هەوکردنی سییەکان.
بەپێی ئاماری دەزگا تەندرووستییەکانی چین، تا ئێستا هەزار و ٢٧٧ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و بەهۆیەوە ٥٦ کەس گیانیان لەدەستداوە.