شلێر سەعید: هەولێر
دووبارە باسی هەرێمایەتى عێراق بووەتە بابەتێکی گەرمی رۆژ و بەشێک لە پارێزگاکان و راى کەسایەتییە سیاسییەکان پێیان وایە، دابەشکردنى عێراق بۆ سێ هەرێم گونجاوترینە بۆ دۆخی ئەم وڵاتە. کوتلەى هاوپەیمانى نیشتمانى ”پێى وایە ئەوە هەڵەیە و گونجاو نییە”.
لە لێدوانێکى تایبەت بە نوچە، ئەحمەد سلال عزیز، لە لیژنەى هەرێمایەتى و پارێزگاکان لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق و کوتلەى هاوپەیمانى نیشتمانى لە خولی پێشوو، دەربارەى دابەشکردنى کردنى عێراق بۆ سێ هەرێم ڕایگەیاند: دابەشکردنى عێراق رایەکى هەڵەیە، چونکە ئەوە لاواز کردنى عێراقە و عێراق هێزى لە یەکڕیزى دایە؛ بەڕاى من ئەو ڕایە ڕایەکى هەڵەیە.
ئەحمەد سلال گوتیشى، بوونى ناکۆکى و لێکتێنەگەیشتن لە هەندێک رووداوی سیاسی لە نێوان سوننە، شیعە و کورد، ماناى وانییە دەبێ بە ئاراستەى دابەشکردنى عێراق برۆین.
ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێشووی عێراق ئەوەشى خستەڕوو، کە ئەوانەى خێریان ناوێ بۆ ئەو وڵاتە بەرەو دابەشکردن دەڕۆن، و لەوەیە ڕازى کردنى خواستى هەندێک کەسى لەسەر بێت یان جێبەجێ کردنى ئەجێنداى دەرەکى بێت تاکو عێراق لاواز بکەن، بەڵام عێراق هەرچەندە ئێستا لە ناو قەیرانى سیاسى دایە بەهۆى دەستلەکارکێشانەوەى حکومەت و خۆپیشاندانەکان لە ناوچەکانى ناوەڕاست و باشوو بەردەوامە هەروەها زۆربەى ناوچەکان خزمەتگوزاریان نییە، ئەوەش بەهۆى ئەوەی ژێرخانێکى ئابورى باش بنیات نەنراوە لە 2003 تا ئێستا، بەڵام هەموو ئەوانە ئەوە ناگەیەنێ، کە دەبێ عێراق دابەش بکرێت.
سلال پێى وایە، هەموو لایەنەکان بەرپرسن لەو دۆخەی عێراق تێیدایە، نەک تەنها لایەنێک و دەشڵێت ”دەبێ ئاراستەکان راستبکرێنەوە، هەموومان عێراقین و گەر کەسێک ڕایەکى خۆى هەیە لەم بارەوە ماناى وانییە ڕاى هەموو عێراقییەکە، بەڵکو تەنها نوێنەرایەتى خۆى و یان کوتلەکەى دەکات لە قسەکانى، چونکە گەل، لەگەڵ دابەشکردن نییە”.