نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە ئێستادا کێشەی کەمی و گران بوونی نرخی غاز لەبازاڕدا چارەسەرکراوە نرخەکەی ئاسایی بووەتەوە.
لە دوو هەفتەی ڕابردوودا نرخی غاز لە بازاڕەکانی هەولێر و دهۆک گران بوو، ئەمەش نیگەرانی لە لای هاوڵاتیانی ئەو دوو پارێزگایە درووستکردبوو، تەنانەت لە هەندێک شوێن زۆر بە زەحمەت هاوڵاتیان بەنرخی گرانیش دەستیان دەکەوت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، گوڵیزار ڕەشید، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە گرانبوونی نرخی غاز لە بازاڕ، ڕایگەیاند: کۆمپانیای جێبەجێکار، کە پێشتر گازەکەی وەردەگرت و لە بازاڕ دەیفرۆشتەوە گرێبەستەکەی بۆ نوێ نەکراوەتەوە، ئەو کۆمپانیایەش ئەو بڕە گازەی، کە لەلای مابوو عەمباری کردووە و نەی هێناوەتە بازاڕ، ئەمەش وایکردووە لە بازاڕ کەمبێتەوە و نرخەکەی بەزبێتەوە”.
گوڵیزار ڕەشید گوتیشی “پەیوەندیمان کردووە بە پارێزگاری هەولێر و لایەنی پەیوەندیدار، پێیان ڕاگەیاندووم لە ئێستادا کێشەکەیان چارەسەر کردووە و نرخی گاز لە بازاڕدا ئاسایی بووەتەوە، بەجۆرێک، کە هەر بتڵێکی گاز بە حەوت هەزار و پێنجسەد دینار دەفرۆشرێت بە هاوڵاتیان”.
ئەو ئەندامەی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمان ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆژەی دابەشکردنی گاز لە بازاردا دراوەتە کۆمپانیایەکی دیکە و لە ١-٢-٢٠٢٠-وە کۆمپانیاکە دەست بە کارەکانی خۆی دەکات و کێشەی کەمی و گران بوونی گاز بە تەواوی چارەسەر دەکرێت.