نوچە
ئەمڕۆ تەواوی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە خۆپیشاندانەكەی رەوتی سەدر بەشدارییان كرد لە بەغدا، ئەمەش یەكەم جارە هێزە شیعیە چەكدارەكان دەچنە ناو چالاكییەكی سەدرییەكانەوە.
ئەمەش لە كاتێكدایە، ئەم خۆپیشاندانەی موقتەدا سەدر، ڕێبەری سەدرییەكان و هاوپەیمانی ئەلسائیرونی پەرلەمانی عێراق، زیاتر لە دوو هەفتەیە كاری بۆ دەكات، بەو هیوایە بوو بۆ داوای دەركردنی هێزەكانی سوپای ئەمریكا لە عێراق ملیۆنان كەس كۆبكاتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەمڕۆ (هەینی ٢٤-١-٢٠٢٠) بۆ یەكەم جار حەشدی شەعبی و میلیشیا چەكدارە شیعیەكانی تر بەشداری چالاكییەكی ڕەوتی سەدرییان كرد، كە بڕیار بوو خۆپیشاندانێكی ملیۆنی بەڕێوەبچێت، بەڵام چالاكوانانی عێراق ئاماژە بەوە دەكەن، ژمارە خۆپیشاندەرانی ئەمڕۆی سەدرییەكان نەگەیشتووەتە 400 هەزار كەس.
لەگەڵ دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆی سەدرییەكان، هێزە ئاسایشییەكانی عێراق ئەو ڕێگە سەرەكییانەیان گرت كە دەچوونە سەر ناوچەی سەوز، بە تایبەتییش دەوروبەری باڵوێزخانەی ئەمریكا بە دووراییەكی زۆر گەمارۆ درابوو، نەوەك خۆپیشاندەران دەستی بۆ درێژ بكەن.
هەروەها لەلایەكی دیكەوە ئەمڕۆ هەینی نوێنەری عەلی سیستانی مەرجەعی شیعەكان لە نەجەف، لە وتاری هەینیدا داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق كرد، چیتر خەمساردی نەكەن لە جێبەجێكردنی ئەو چاكسازییانەی خۆپیشاندەرانی عێراق لەوەتەی مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووەوە داوای دەكەن.