نەوزاد عەلی-سلێمانی
پەرلەمانتارێکی خولی پێشووی کورد لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، حزبە دەسەڵاتدارەکانی عێراق بەهێزترن لە شەقامی عێراقی، بۆیە واقعی تائیفیەت لە عێراق تا ماوەیەکی زۆر، درێژە دەکێشێت.
ڕۆژ بە ڕۆژ فشارەکانی شەقامی عێراقی بۆ ڕزگارکردنی دەسەڵاتی حكومڕانی عێراق لە ژێر دەستی هەژموونی تائیفییەت زیاد دەکات، بەڵام تائێستا فشارەکان نەیانتوانیوە دەسەڵاتدارانی عێراق ناچار بکات بەوەی، کە بتوانن واز لە پشکپشکێنەی حزبی و تائیفی بهێنن، کە ئەمە دۆخی عێراقی زیاتر ئاڵۆزکردووە.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچە، زانا ڕۆستایی، پەرلەمانتاری خولی پێشووی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە فشارەکانی شەقامی عێراقی، ڕایگەیاند: ئەوەی ئێستا لە شەقامی عێراقی دەگوزەرێت، نەفەس و ڕەوتێکی نوێیە و لەدوای ئەوە دەگەڕێت، کە ناسنامەیەکی نیشتمانی، ناسنامەی هەموو عێراقییەکان بێت بە بێ لەبەرچاو گرتنی پرسی تائیفیەت”.
ڕۆستایی گوتیشی “هێزی حزبە دەسەڵاتدارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق زۆر بەهێزترە لە هێزی شەقامی عێراقی، بۆیە واقعی تائیفیەت لە عێراق تاکو ماوەیەکی زۆر درێژە دەکێشێت و ئەم فشارەشی کە ئێستا لە شەقام هەیە، ناتوانێت لە مەودایەکی نزیکدا کۆتایی بە تائیفیەت لە عێراق بهێنێت”.