نێچرڤان بارزانی: پێویستە هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق بمێننه‌وه‌

0

نوچە

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان دەڵێت، ئێمه‌ ناتوانین خۆمان له‌ عێراق جیا بكه‌ینه‌وه‌ و به‌شێكین له‌ عێراق. دەشڵێت ”پێویستە، هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق بمێننه‌وه‌ و ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراقیش كردی، به‌ رای ئێمه‌ كارێكی درووست نه‌بوو”.

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ میانی به‌شداریكردنی له‌ پانێلێكدا بۆ خستنه‌ڕووی ره‌وشی عێراق، رایگه‌یاند، ئێمه‌ ناتوانین خۆمان له‌ عێراق جیا بكه‌ینه‌وه‌ و به‌شێكین له‌ عێراق. گوتیشی ”ئێستا نه‌وه‌یه‌ك پێگه‌یشتووه‌، كه‌ ماندووه‌ و هه‌ست ده‌كات ده‌سه‌ڵات ناتوانێت كه‌مترین پێداویستی سه‌رده‌می بۆ دابین بكات”.

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی، چوار ساڵ جارێك هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ئه‌و نه‌وه‌یه‌ به‌شداری له‌ پرۆسه‌كه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌ ئه‌نجامدا ئه‌وه‌ی ده‌رده‌چێت، به‌ ویستی ئه‌وان نییه‌. باسی له‌وه‌شكرد، ره‌وشی عێراق جیاوازه‌ له‌ قۆناغی پێش ده‌ستپێكردنی خۆپیشاندانه‌كان له‌ یه‌كی ئۆكتۆبه‌ردا و ئێستا ره‌وشێكی دیكه‌یه‌ و ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ قۆناغی پێشتر.

نێچیرڤان بارزانی داواشیكرد، عێراقییه‌كان له‌ ناوخۆدا تاوتوێی كێشه‌كان بكه‌ن و هه‌وڵ بده‌ن چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشانه‌ بدۆزنه‌وه‌. روونیشیكرده‌وه‌، رۆڵی هه‌رێم له‌و ناوه‌دا ئه‌وه‌یه‌ كار ده‌كات بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی ره‌وشه‌كه‌ و له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر هێڵه‌ بۆ چاره‌سه‌ره‌كردنی كێشه‌كان.

له‌ باره‌ی مانەوەی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق، نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاند، پرسی هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر له‌ عێراق جدییه‌ و له‌ ٢٠١٤دا له‌سه‌ر داوای عێراق ئه‌و هێزانه‌ هاتوونه‌ته‌ عێراق.

گوتیشی: ئه‌ركی هێزه‌كانی ئه‌مریكا راهێنانه‌ به‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان و هاوكاریكردنه‌ له‌ شه‌ڕی داعش و له‌و روانگه‌یه‌وه‌، ئێمه‌ پێمان باشه‌ و به‌ پێویستی ده‌زانین، هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق بمێننه‌وه‌ و ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراقیش كردی، به‌ رای ئێمه‌ كارێكی درووست نه‌بوو.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com