شلێر سەعید
سەرۆكی رێكخراوی كەمئەندامان رایدەگەیەنێت، كە سەرۆكی هەرێم نابێ پڕۆژە یاسای چاكسازی واژوو بكات و دەشلیت، چۆن لە سوێند خواردنەكەی بڕیاری دا گوزەرانی ئێمە باش بكات، دەبێ ئاگای لە ژیانی هاونیشتمانیانی بێت.
ئەمڕۆ (چوارشەمە ۲۲ـ ۱ ـ ۲۰۲۰) کاتژمێر دووی دوای نیوەرۆ لە بارەگای رێکخراوی ژین، رێکخراوی ژین تابیەت بە کەمئەندامان کۆنگرەی رۆژنامەوانی سەبارەت بە رەوشی کەمئەندامان و پرۆژە یاسایی چاکسازی بەستن.
لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچە، مەسعوود ئەنوەر، سەرۆكی كۆمەڵەی ژین، سەبارەت بەو داوایانەی پێشكەشی سەرۆكی هەرێمیان كردووە ڕایگەیاند: ئێمە داواكەمان ئاراستەی سەرۆکی هەرێم كرد، وەک کۆمەڵەی ژین تایبەت بە کەمئەندامان و داوامان لە بەڕیزیان” ئەو پرۆژەیاسایەی لەژیرناوی چاکسازی لەلایەن حکومەتی هەریم لە پەرلەمان دەنگی لەسەردراوە تکایە واژۆی مەکەن، چونکە لەهیچ بەند و بڕگەیەک، باس لە ژیان و گوزەرانی کەمئەندامانی تێدا نییە، بۆیە داواکارین لە بەڕێزتان رەزامەند مەبن و واژۆی لەسەر نەکەن”.
مەسعود ئەنوەر گوتیشی ”تێبینی زۆرمان هەیە لەسەر ناوەڕۆكی پڕۆژە یاسای چاكسازی، چونكە هیچ باسی گوزەران و جێبەجێ كردنی یاسی تایبەت بە كەمئەندامان نەكراوە لە كوردستان، بۆیە بە خوێندنەوەی ئێمە، وەكو هەموو ڕێكخراوەكانی كەمئەندامان و ڕێكخراوی ژین، دەنگی ناڕەزایی بەرز دەكەینەوە، چونكە ئەو پڕۆژەیە یەك شتی لێ بەدی دەكەین، كە لە بەرژەوەندی پلە باڵاكان و كۆمەڵێك خەڵك دایە، كە بیری لای خاك و نیشتمان نییە”.
كۆمەڵەكە داوا دەكەن، سەرۆكی هەرێم ئەو پڕۆژەیە واژوو نەكات و پێمانوایە ئەگەر سەرۆكی هەرێم ئەو پڕۆژەیە واژوو بكات، واتە نەبوونی دڵسۆزیە بەرانبەر بە هاوڵاتی و مرۆڤ و نیشتمان، چونكە سەرۆكی هەرێم لە سوێند خواردنەكەی بەڵێنی دا ژیان و گوزەرانی كەمئەندامان باش بكات، دەبێ ئاگای لە ژیانی هاونیشتمانیانی بێت بەتایبەت چینی هەژاران.


