نوچە
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆکی عێراق ئەنجامدا و لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی سزادانی عێراق گوتی “دەبینین چی روودەدات”.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەچوارچێوەی کۆبوونەوەکانی رۆژی دووەمی لە کۆڕبەندی داڤۆس، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند: لەسەر زۆر بابەت بەیەکەوە کاردەکەن و ئێمە هاوڕێی یەکتربووینە و پەیوەندیەکەمان زۆر باشە. گوتیشی “ئێمە دەربارەی گەلێک بابەت قسەدەکەین و ئێوەش گوێتان لە هەموو ئەو شتانە دەبێ، کە دەیکەین، هەموو ئەو شتانەی ئێمە دەیکەین بەدڵی ئەوانە و ئێمەش ئەوانمان بەدڵە”.
دەقی گوتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا:
زۆر سوپاستان دەکەم. زۆر خۆشحاڵم بە دیداری سەرۆکی عێراق. وەکو ئەوەی روونە، ئێمە لەسەر زۆر بابەت بەیەکەوە کاردەکەین. ئێمە لەسەر کاروباری سەربازی کاردەکەین، لەسەر بابەتی داعش کاردەکەین. ئێمە کۆمەڵێک بابەتی زۆر ئاڵۆزمان هەیە تاوەکو گفتوگۆی لەسەر بکەین. هەروەها لەگەڵ هەندێک بابەتی دیکەی زۆر ئەرێنی. ئێمە هاوڕێی یەکتربووینە و پەیوەندییەکەمان زۆر باشە و زۆر سوپاستان دەکەم.
ئێمە دەربارەی گەلێک بابەت قسەدەکەین و ئێوەش گوێتان لە هەموو ئەو شتانە دەبێ کە دەیکەین، هەموو ئەو شتانەی ئێمە دەیکەین بەدڵی ئەوانە و ئێمەش ئەوانمان بەدڵە. هەروەها ئێمە پەیوەندییەکی باشمان هەبووە. من تەنها دەتوانم بە نوێنەرایەتیی ئیدارەی خۆم قسە بکەم. بەڕاستی، نامەوێ لەجیاتی ئیدارەکانی پێشوو قسە بکەم، بەڵام ئێمە پەیوەندییەکی باشمان هەیە. ئێمە ژمارەی سەربازەکانمان بۆ پێنج هەزار کەمکردووەتەوە. ئەوەش ژمارەیەکی زۆر کەمە، ژمارەیەکی مێژووییە؛ لە داهاتوو دەبینین چی روودەدات.
هەروەها ئێمە کارمان لەگەڵ ئەوان و بازرگانی نەوتەکەیاندا هەیە. ئەم بابەتەش زۆر گرنگ بووە بە تێڕوانینی ئەوان و ئێمەیش. لەبەرئەوەش ئێمە زۆر بابەتی ئەرێنیمان هەیە بۆ قسە لەسەر کردن، بەڵام ئێمە ژمارەی سەربازەکانمان کەمکردووەتەوە و بۆ دەمێکی زۆرە لەوێ ماوینەتەوە، بۆیە بە بڕیارێک دەگەین.
ئەمڕۆ کۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانیمان دەبێت. ئێمە کۆبوونەوەیەکی دیکەمان هەیە و پاش ئەوەش کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیمان هەیە. پێموایە لە 45 خولەکی داهاتوودا دەبێت پێش ئەوەی لێرە بڕۆین. کەمێکی دیکە ئێرە بەجێدەهێڵین. ئێمە سەرکەوتنێکی زۆر گەورەمان بەدەستهێناوە لە داڤۆس. پاش ماوەیەکی کەمیش ئێرە بەجێدەهێڵین. بەڵام ئێمە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ئەنجامدەدەین؛ کۆنفرانسێکی خێرا دەبێت، دوای ئەوەش دەگەڕێینەوە. هەندێکتان بە فڕۆکەیەکی زۆر باش دەگەڕێنەوە.
دەقی گوتەکانی بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق:
دیداری سەرۆک ترەمپ هەلێکی گرنگە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێشهاتەکانی ناوچەکەمان. ئەم بارودۆخەی ئێستا سەخت و زەحمەتە. من بەهیوای گفتوگۆیەکی راست و راشکاوم لەگەڵ سەرۆک. ئێمە پەیوەندییەکی بەردەواممان هەبووە و ئەمریکا یەکێک بووە لە پاڵپشتیکارانی عێراق و جەنگی دژی داعش. ئەرکەکە پێویستی بەوەیە بەجێبگەیێندرێت.
من بڕوام وایە، کە من و ئەو هەمان ئەرکمان لە پێشە بۆ عێراقێکی ئارام و خاوەن سەروەری بەشێوەیەک، کە لەگەڵ نێوخۆی خۆی و دراوسێکانیشی لە ئاشتیدا بێت.
ئێمە زۆر بەرژەوەندیی هاوبەشمان هەیە، جەنگی دژی توندئاژۆیی، ئارامی ناوچەکە، عێراقێکی خاوەن سەروەری و ئارام بەشێوەیەک، کە پەیوەندی دۆستانەی هەبێت لەگەڵ دراوسێکانی و ئەمریکاش.

