نوچە
ئەمڕۆ سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەك نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد و لەو كۆبوونەوەکەدا، قوربانیدانی پێشمەرگەی لەشەڕی دژی داعش، بەرز نرخێندرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـ1ـ2020 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەك نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا كە د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش ئامادەی بوو، بارودۆخی شاری موسڵ و ناوچە جیاجیاكانی پارێزگای نەینەوا و ژیان و گوزەرانی ئاوارەكان و كاركردن بۆ گەڕانەوەی خەڵك بۆ ناوچە ئازادكراوەكان تاوتوێ كرا.
بەگوێرەی راگەیەندراوەی کۆبوونەوەکە، شاندی میوان، سەرۆك بارزانییان لە كێشە و گرفت و داواكارییەكانی پێكهاتەكان ئاگادار كردەوە و راشیانگەیاند، كە دانیشتوانی پارێزگای نەینەوا چاویان لەوەیە، كە سەرۆك بارزانی، هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانیان بۆ بدات.
هەر لەو كۆبوونەویەدا، قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەشەڕی دژی تیرۆریستانی داعش، بەرز نرخێندرا و جەخت لەسەر قووڵتركردنی بنەماكانی پێكەوەژیانی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی پارێزگای نەینەوا كرایەوە.
