دژی بڕیارێکی قایمقامی کۆیە گردبوونەوەیەک بەڕێوەچوو

0

 شلێر سەعید 

ئەمڕۆ (چوارشەممە ٢٢-١-٢٠٢٠) بەشێك لە شۆفێرانی بارهەڵگر گردبونەوەیەكی ناڕەزایان دەربری دژی بڕیاری قەدەغەكردنیان لە ڕۆژدا، و بۆماوەیەك ڕێگای سەرەكیان گرت.

بەهۆی خراپی  ڕێگاکانی سنوری  کۆیە، ڕۆژانە  رووداوی هاتوچۆی دڵتەزێنی لێدەکەوێتەوە و بە پێی زانیارییەكان بەشێكی زۆری بەهۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرە، لەم سۆنگەوە  قایمقامی قەزای کۆیە لە 17ی ئەم مانگە ڕایگەیەند: هاتوچۆکردنی ئۆتۆمبێلی بار هەڵگر لەڕۆژدا قەدەغەیە و هەر شۆفێرێک سەرپێچی بکات سزا دەدەدرێت و لە ئێستا دا شۆفێرانی بارهەڵگر ڕێگای كۆیەیان گرتووە، ناڕازین بەم بڕیارە.

شۆفێرێك بەناوی محمد خدر لەناو گردبونەوەكەی ئەمڕۆی ڕێگای كۆیە دەڵێت، داواكارین قایمقامی كۆیە چاوێك بە بڕیارەكەی دا بخشَێنتەوە، چونكە ئەوە هیچ ڕەوا نییە ئێمە لە كاتژمێر حەفتی بەیانی بوەستین تا حەفتی ئێوارە.

ئەو شۆفیرە دەشڵێت، لە هیچ شوێنی دنیا نییە ئۆتۆمبێلی بارهەلگر تەنها بەشەو بڕوات، ئەی ئەوەی بەتەمەن بێ یان چاوی باش نەبینێ‌ لەشەو؟.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، هاوكار ڕەندی خانی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی قایممقامیەتی قەزای كۆیە، دەربارەی گردبوونەوەی شۆفێرانی بارهەڵگر ڕایگەیاند: بەهۆی ئەوەی لەماوەی ڕابردوو چەند رووداوی دڵتەزێن روویدا و شۆفێرانی بارهەڵگر پابەند نین بە ڕێنمایەكانی هاتوچۆو، قایمقامیەتی كۆیە بە ئاگاداری پارێزگای هەولێر بڕیاردرا هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە ڕۆژدا قەدەغە بكرێت. گوتیشی ”ئەوە بۆ سلامەتی هاوڵاتیان و كەم كردنەوەی ئەو لودەی لەسەر ڕێگاكەیە كەم بكرێتەوە”.

بەرپرسی راگەیاندنی قایمقامیەتی كۆیە گوتیشی، بەهیچ شێوەك بڕیارەكە هەڵناوەشێتەوە، مەگەر بارهەڵگرەكان خۆیان رێگای بەدیل هەڵبژێرن. 

  لە ڕۆژی هەینی  ۱۷ـ۱ـ۲۰۲۰، بڕیاری قایمقامی كۆیە بە ئاگاداری پارێزگای هەولێر فرسەت سۆفی جێ بەجێ كرا بەمەبەستی پاراستنی گیانی هاوڵاتیان.

بە پێی ئامارەكانی هاتوچۆی كۆیە،  لە ۲۰۱۹ لەکۆی ٢٠٦ رووداو لە سنوری قەزای کۆیە، ۱۸ کەس گیانی لەدەستداوە و ٢٩٣ کەس بریندار بوون.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com