نەوزاد عەلی-سلێمانی
فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، لەو سنوورانەی لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزە عێراقییەکان دایە و چەکداری داعشی لێیە، پێشمەرگە ناتوانێت هیچ ئۆپەراسیۆنێک ئەنجامبدات.
داوای ڕاگەیاندنی کۆتایی هێنانی داعش لە عێراق و ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، کە بووە هۆی داگیرکردنی کەرکوک و لێسەندنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، ئێستا جموجۆڵەکانی چەکدارانی داعش لەو ناوچانە بەشیوەیەکی بەرفراوان زیادی کردووە.
لە لێدانێکی تایبەت بە نوچە، لیوا زریان شێخ وەستانی، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەکانی قەرچوغ، سەبارەت بە چالاکییەکانی داعش، ڕایگەیاند “داعش لەو ناوچانە زیاتر بوونیان هەیە کە پێش ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە بووە و ئێستا لەژێر دەسەڵاتی هێزە عێراقییەکاندایە و ئەوانیش نەیانتوانیەوە بەتەوای ئەو ناوچانە کۆنتڕۆڵی بکەن، ئەگەر واقییانەتریش قسەبکەین، لەو ناوچانەدا تەنها ڕێگا سەرەکییەکان و قەزاو ناحییەکان لە دەستی حکومەتی عێراقە، دەستەڕاست و دەستە چەپی هەموو ڕێگاسەرکییەکان و گوندەکان لە دەستی داعشدایە و بە ئاشکرا دەچنە ناو گوندەکان و جموجۆڵی تێدا دەکەن و بەشیوەی مەفرەزەی پارتی زانی چالاکی ئەنجامدەدەن”.
ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە، دەڵێت “داعش لەسنووری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە هیچ چالاکی و جموجۆڵێکیان نییە، بۆیە پێشمەرگە هیچ ئۆپەراسیۆنێک ئەنجامنادات، لەو ناوچەنەش کە لەژێر دەسەڵاتی هێزە عێراقییەکاندایە، ناتوانین هیچ ئۆپەراسیۆنێک ئەنجامبدەین، چونکە هیچ هەمەهەنگییەک لەنێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکاندا نییە”.
لیوا زیاریان شێخ وەستانی، گوتیشی “بەبێ بوونی هەمەهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراق ناتوانرێت جوڵە بە هێزی پێشمەرگە بکرێت، بەڵام ئەگەر هێزەکانی پێشمەرگە بگەڕێنەوە ناوچەکانی پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر، ئێمە دەتوانین بە تەنهاش بێت ئۆپەراسیۆن ئەنجامبدەین، بۆ لە ناوبردنی چەکدارانی داعش و هەر لەسنووری ڕۆژئاوای کەرکوکەوە تاکو ناوچەکانی خانەقین دەتوانین پاک بکرینەوە لە داعش”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر حکومەتی عێراق بە هەمانگییەکی تەواو لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەشداری پێبکات لە ئۆپەراسیۆنەکاندا، بەدڵنیاییەوە دەتوانرێت بەتەواوی داعش لەو ناوچانە بنەبڕبکرێت.