نوچە: نوچە
سەرۆکی ئەمریکا بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهان کرد و رایگەیاند، ئەمریکا سەرکەوتنێک بەدەستدەهێنێت، کە پێشتر هەرگیز بەدەستی نەهێناوە و گوتیشی “یەک ملیار درەخت دەچێنین”.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ (سێشەممە 21-01-2020) لە داڤۆس ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا سەرکردایەتی ئابووری جیهان دەکات و دەڵێت “ئەمریکا گەشەیەکی ئابووریی بەخۆوە بینیوە، کە جیهان هەرگیز پێشتر بەخۆیەوە نەیبینیوە، ئەمریکا سەرکەوتنێک بەدەستدەهێنێت، کە هەرگیز پێشتر بەدەستی نەهێناوە”.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، لە دەستبەکاربوونیەوە حەوت ملیۆن هەلی کاریان بەدەستهێناوە و رێککەوتنی بازرگانی گرنگیان ئەنجامداوە.
دۆناڵد ترەمپ ئەوەی خستەڕوو، لە ئیدارەی پێشوو 67 هەزار کارگەیان داخستووە و لەژێر چاودێریی ئەودا 12 هەزار کارگەیان وەگەڕخراونەتەوە یان دروستکردووە و دەڵێت “خەونی ئەمریکییەکان بەشێوەیەکی باشتر و گەورەتر لەپێشوو دەگەڕێتەوە”.
لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و چین، سەرۆکی ئەمریکا گوتی “لەوانەیە پەیوەندیمان لەگەڵ چین هەرگیز وەکو ئێستا باش نەبووبێت”.
سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە ژینگە و وەک دەستپێشخەرییەک بۆ کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس رایگەیاند “یەک ملیار درەخت دەچێنین”.