نەوزاد عەلی-سلێمانی
سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، یاسای چاکسازی حکومەتی هەرێمی پابەندکردووە بەوەی لە مایەکی کەمدا قەرزی کۆمپانیاکان وەربگرێتەوە.
١٦-١-٢٠٢٠ پڕۆژەیاسای چاكسازی بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانی کوردستان پەسند كرا، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان یاساکەی رەوانەی سەرۆکایەتی ھەرێم کرد، دوای دەرچوونی فەرمانی ھەرێمیش و بڵاوبوونەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان، یاساکە دەچێتە بواری جێبەجێکردن، یەکێک لە بڕگەکانی یاساکەش پابەند کردنی حکومەتی هەرێمە بە وەرگرتنەوەی قەرزی کۆپانیاکان.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوجە، زیاد جەبار، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، لە بارەی وەرگرتنەوەی قەرزی کۆمپانیاکان و کارگەکان، ڕایگەیاند “تا ئێستا نزیکەی ٨٠٠ ملیار دیناری حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەک قەرز لە لای کۆمپانیاکان و کارگەکانی هەرێمی کوردستانە، ماوەی دانەوەی قەرزەکانیاشیان کۆتایی هاتووە، ئەم قەزانەش بەپێی یاسا دراون بەکۆمپانیاکان، بەپێی یاساش لێیان وەدەگیرێتەوە”.
سەرۆکی لیژنەی لە دارایی پەرلەمانی کوردستان، جەختیشیکردەوە “بەپێی یاسای چاکسازی حكومەت کوردستان پابەندکراوە بەوەی لە ماوەیەکی کەمدا درجەم قەرزی ئەو کۆمپانیا و کارگانە وەربگرێتەوە، کە وەک قەرز پێیداون و تائێستاش نەیان داوەتەوە”.
زیاد جەبار ئاماژەی بەوەشکرد، هەر کۆمپانیا و کارگەیەک پابەند نەبێت بەدانەوەی قەرزەکانی لە یاساکەدا دیاری کراوە، چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و سزاکەشیان دیاری کراوە. گوتیشی “سەرجەم ئەو کۆمپانیا و کارگانەی قەرزیان لە حکومەت وەرگرتووە، شتیان وەک بارمتە لای حکومەت داناوە، کە لەو پارەیە زیاتر بێت، ئەمانەش بەپێی یاسا جارێکی دیکە دەستی بەسەردادەگیرێتەوە و دەخرێتەوە مزایەدەوە و دەفرۆشرێتەوە”.