نوچە
کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس دەست بەکارەکانی دەکات و سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداریی تێدا دەکات.
ئەمڕۆ (سێشەممە 21-1-2020) بۆ ماوەی چوار رۆژ، کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس لە سویسرا بە بەشداریی سێ هەزار سەرکردە و کەسایەتیی باڵای جیهان، ساز بکرێت.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداریی کۆڕبەندەکە دەکات و لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەش، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا و سەرکردە سیاسی و ئابوورییە کاریگەرەکانی جیهان، کۆ دەبێتەوە.
ساڵانە سەرکردە سیاسی و ئابوورییە باڵاکانی جیهان، لە داڤۆس-ی سویسرا، بۆ تاوتوێکردنی رەوش و پێشهاتەکانی جیهان بەتایبەتی سیاسی و ئابووریی، کۆدەبنەوە.
لە کۆڕبەندی داڤۆسی ئەمساڵ، چەند تەوەرێکی پەیوەندیدار بە ئاسایش و سەقامگیریی جیهان تاوتوێ دەکرێن، کە بریتین لە؛
– تێکچوونی کەشوهەوای گۆی زەوی و رێگاکانی چارەسەرکردنی.
– سووتانی دارستانەکانی ئوسترالیا.
– مەترسیی سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران و رێککەوتننامەی ناوکیی وڵاتانی 5+1 و ئێران.
– خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی مەدەنیی ئۆکرانی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە.
– ناکۆکییە ئابوورییەکانی ئەمریکا و چین.
– ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا.
– مەترسییە تەندروستییەکان لەسەر جیهان.