نوچە
سێ پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە راگەیێندراوێکدا، جگە لە رەتکردنەوەی موچەی خانەنشینی، جیابوونەوەی خۆیان لە فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمانی کوردستان راگەیاند.
ئەوە لە کاتێکدایە، کە ئەمڕۆ (دووشەممە 20-01-2020) شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەگەر تاوەکو 48 کاژێری دیکە سێ پەرلەمانتارەکەی دیکەیان موچەی خانەنشینی رەتنەکەنەوە لە جوڵانەوەکە دەردەکرێن.
هەریەکە لە دیاری ئەنوەر، مەم بورهان قانع و سیروان بابان، پەرلەمانتارانی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رەتیانکردەوە موچەی خانەنشینی وەرگرن و لە راگەیێندراوەکەیاندا رایانگەیاندووە “بە هەموو شێوەیەك موچەی خانەنشینی پەرلەمانی رەتدەكەینەوە وەك ئەوەی بۆ پەرلەمانتاران بڕاوەتەوە، تەنانەت ئەگەر پێویستبێت ئامادەین دەستبەرداری موچەی پەرلەمانییش ببین”.
پەرلەمانتارەکانی نەوەی نوێ ئاماژەیان بەوەش کردووە، کە “چەند مانگێكە بەهۆی بەلاڕێدابردنی فراكسیۆن و جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لەلایەن سەرۆكی جوڵانەوەكەوە، هیچ پەیوەندییەكمان بە فراكسیۆن و جوڵانەوەكەوە نەماوە، هەربۆیە لە ئێستایشەوە بە فەرمی جیابوونەوەی خۆمان رادەگەیەنین و وەكو پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی كوردستان دەمێنینەوە”.
لە راگەیێندراوی سێ پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێدا هاتووە، “ئێمە خەڵكانێكین، پارەی خەڵكمان نەخواردوە و پارەی حكومەتیشمان لانییە، بەڵكو پارەیشمان لای حكومەتە و موزایەدەیش بەسەر دەنگدەران و هاوپیشە و خەڵكانی غەدر لێكراوی كوردستانەوە ناكەین، بەڵێنیش دەدەین هەمیشە لە سەنگەری بەرگریكردن دەبین لە ماف و داخوازیی رەوای دەنگدەران و خەڵكی جوامێری كوردستان”.

هاوکات سەروان محەممەد هەرکی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی بە نوچە-ی راگەیاند ”بە نووسراوی فەرمی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانی ئاگاداركردووەتەوە، كە موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاری رەتدەكاتەوە”. گوتیشی “ئەو كارە بە ئەركێكی ویژدانی سەر شانمی دەزانم و دوای كارەكەم دەگەڕێمەوە بۆ پێشمەرگایەتی”.
هەركی جەختی لەوە كردەوە، کە ئەو كارەی بۆ موزایەدە نییە بەسەر هیچ كەسێكدا و گوتیشی “ئەو كارە بەوپەڕی قەناعەتەوە لەبەر خودا و دواتر پێشمەرگە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان دەكەم”.
پێشتر رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەقی ئەو یاسایەی بڵاوکردەوە کە باس لەوە دەکات پەرلەمانتاران بە ئارەزوومەندانە مافی دەستبەرداربوونیان لە ماف و شایستە خانەنشینییەکانیان هەیە، بەمەرجێک لە دەرچوونی یاساکەوە پێشکەشکردنی داواکارییەکانیان بۆ ئەو مەبەستە ماوەی 30 رۆژ تێپەڕنەکات.
هەروەها لە یاسای چاكسازیی خانەنشینی موچە، دەرماڵە، بەخشین و ئیمتیازاتەكانی دیکە، کە لەم چەندرۆژەی دوایی پەسەند کرا، باسی خانەنشینی پەرلەمانتار كراوە، كە دوای چوار ساڵ دەتوانێت خۆی خانەنشین بكات، هەر لە یاساكەدا هاتووە، کە پەرلەمانتار ئازادە موچەی خانەنشینی رەتبكاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش فۆڕمێك ئامادە دەكرێت.