نەوزاد عەلی-سلێمانی
گوتەبێژی سیستەمی بایۆمەتری هەرێم ڕایدەگەیەنێت، تۆمارکردنی موچەخۆران لە سیستەمی بایۆمەتری ئامانج لێی پاراستنی ماف و زامنكردنی شایستە داراییەكانی موچەخۆرانە.
ئەمڕۆ (دووشەممە ٢٠-١-٢٠٢٠)، لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەرتی بەسەر پەرشتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، سەمیر هەورامی، گوتەبێژی سیستەمی بایۆمەتری، لە بارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ڕایگەیاند: لە كۆبوونەوەکەی لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەتری، كە جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی دەکرد، گفتوگۆ كرا لەبارەی بەردەوامیدان بەكارەكانی ئەو پڕۆژە ستراتیجییە و پەرەپێدانی بەمەبەستی زیاتر سود وەرگرتن لە ئامار و داتاكانی بایۆمەتری”.
سەمیر هەورامی ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی ئەو سیستەمە ئەلیكترۆنییە ناوەندییە، زیاتر لە یەك ملیۆن و ٢٥٥ ھەزار موچەخۆر ھەیە، كە مانگانە موچە لە حكومەتی ھەرێم وەردەگرن، تۆماركردنی موچەخۆران لەو سیستەمە جگە لەوەی سودی گەورەی ھەیە بۆ حكومەت، وەك پرۆژەیەكی ستراتیجی نیشتمانی، ئامانج لێی پاراستنی ماف و زامنكردنی شایستە داراییەكانی موچەخۆرانە”.
گوتەبێژی سیستەمی بایۆمەتری جەختیشیکردەوە، کە سیستەمی بایۆمەتری دەبێتە بنەمایەك بۆ بڕیارەكەی حكومەتی هەرێم، كە تایبەتە بە دووبارە دابەشكردنی میلاكات و رێكخستنەوەی ھەیكەلیەتی دامودەزگاكانی حكومەتی ھەرێم، كە بەشێكی قۆناغەكانی چاكسازییە.
هەورامی ئەوەیشی ڕاگەیاند “یەكێك لە ماددەكانی یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و موچە و دەرماڵە، كە پەرلەمانی كوردستان لە چەند رۆژی رابردوو پەسەندی كرد، پشت بەستنە بە ئامار و داتاكانی بایۆمەتری”.