نەوزاد عەلی-سلێمانی
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر بسەلمێنرێت پزیشکێک لە رێگەی تەلەفۆنەوە نەخۆشی نەخۆش-ی دەستنیشان کردووە، لە رووی یاساییەوە سزای بەسەردا دەسەپێندرێت.
عومەر عینایەت، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی كوردستان، لە نوسینێكدا ئاماژەی بە ڕووداوێك كردووە، كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی ڕوویداوە و تێیدا باس لە پزیشكێك دەكات، كە لە كاتی ئێشگریدا ناچێتە نەخۆشخانەوە و لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە كارەكەی دەكات. ئەم پشتگوێ خستنەوەی نەخۆشەکە دواتر دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، د. محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم، سەبارەت بە پزیشکی ئێشکگری نەخۆشخانەکان، ڕایگەیاند: وەک وەزارەتی تەندروستی لیژنەی پشکنین و بەدوادا چوونمان هەیە، کە چاودێری شوێنەکان دەکات و هەروەها لیژنەی تایبەتمانیشمان هەیە بەسەر نەخۆشخانەکاندا دەگەڕێت لە حاڵەتی هەبوونی هەر پابەند نەبوونێک، یان نەبوونی پزیشکی ئێشکگر لە نەخۆشخانەکەدا سزا دەدرێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئەمانە لە ئاستی بەڕێوبەرایەتی نەخۆشخانەکان و بنکە تەندرووستییەکان هەڵسوکەوتی لەگەڵدا دەکرێت”.
لە بارەی دەستنیشانکردنی حاڵەتی نەخۆش، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە، محەمەد قادر، دەڵێت “دەستنیشانکردنی نەخۆشی و چاودێریکردنی نەخۆش، بەهیچ شێوەیە لەڕێگەی تەلەفۆنەوە زانستی نییە، ئەوە کارێکی پێچەوانەی زانستی پزیشکییە و بەهیچ شێوەیەکش ڕێگە پێدراو نییە”.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی تەندروستی جەختیشیکردەوە و گوتی “لەکاتی ڕوودانی هەر حاڵەتێکی لەو شێوەیەش، ئەگەر حاڵەتەکە سەلمێنرا، کە پزیشکێک لەرێگەی تەلەفۆنەوە تەشخیشی نەخۆشی کردووە، لەڕووی یاساییەوە هەر سزایەکی هەبێت سزاکەی بەسەردا دەسەپێندرێت، سزاکانیش بەپێی حالەتەکە ئاستیان هەیە لە بچوکەوە بۆ گەورەوە”.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە “پزیشکی ئێشکگری بەپێی پسپۆڕی دەگۆڕێت، ئەو پسپۆڕییانەی ترسناکن و زۆر پێویستیان بە چاودێری بەردەوام هەیە دەبێت پزیشکی ئێشکگر لە ناو نەخۆشخانە بێت، بەردەوام چاودێری نەخۆش بکات، پێویستە پزیشک لە حاڵەتی ترسناک نەخۆشەکە ببینێت، بەڵام ئەگەر حاڵەتەکە ترسناک نەبێت، لە هەندێک بواری جیاجیادا، کە حاڵەتەکەی فریا کەوتن نەبێت، یان نەخۆشەکە پێویستی بە نەشتەگەری هەبێت بکرێت دوابخرێت ئاساییە دوا بخرێت”.