شلێر سەعید: هەولێر
دانەمەزراوێكی پزیشكی دەم وددان رایدەگەیەنێت، پێویستە وەزارەت پلانی هەبێ بۆ دامەزراندنی قوتابیان و كێشەكە بنەبڕبكرێت جارێكی دیكە پێویست نەكات دەرچووان بێنەوە سەرشەقام.
دەرچووانی دانەمەزراوی پزیشکی ددان، کاتژمێر ۱۰ و نیوی بەیانی (ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠-١-٢٠٢٠) لەبەردەم وەزارەتی تەندروستی گردبوونەوە بەمەبەستی ناڕەزایی دەربڕین لەبەرانبەر دانەمەزراندنیان.
لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچە، هەڵو یاسین، ئەندامی دەستەی سەرپەرشتیارانی دانەمەزراوی پزیشكی ددان، سەبارەت بە گردبوونەوەكەیان ڕایگەیاند: ئەمڕۆ ئێمە لێرە كۆبووینەتەوە داوای مافێكی سەرەكی خۆمان دەكەین، كە حكومەت پشت گوێی خستووین و داواکاری سەرەکیمان دامەزراندنی دەرچووانی کولیژی پزیشکی ددانە، چونکە ئەوە چوار خولی دەرچوونە و تا ئێستا کەسیان دانەمەزراون.
هەڵۆ گوتیشی، ئێمە تەنها داوای دامەزراندی خۆمان ناکەین، بەڵکو داوادەکەین كێشەكە بنە بڕ بكرێت و پلانێك هەبێت لە وەزارەتی تەندروستی هەموو ساڵ لەگەڵ دەرچوونی قوتابیان دامەزراندن هەبێ و ئێمە جارێكی دیكە نەینەوە سەرشەقام؛ بۆ ئەمەش پێویستە ئەوەندە زۆر قوتابی وەرنەگیریێن لە زانكۆكان، کە فشارێکی وا دروستبکات وەزارەت نەتواینێ دایان بمەزرێنن.
هەڵۆ ئاماژەی بەوەش كرد، كە چیدی نابێ جیاكاری بكرێت و پزیشكانی ددان هاوشێوەی پزیشكی گشتی دامەزرێن، تا ئەوانیش پراكتیزەی كاری پزیشكی بكەن و گرنگی بدرێت بە بەشی دەم و ددان.


