نوچە: ئاژانسەکان
ئەمڕۆ (دووشەممە 20-1-2020) نرخی نەوتی خاو لەبازاڕەکانی جیهاندا دوای ئەوەی دوو وێستگەی سەرەکی بەرهەمهێنانی نەوتن لە لیبیا داخران، بەرزترین نرخی لەماوەی زیاتر لەهەفتەیەک تۆمارکرد.
نرخی نەوتی برێنت 74 سەنت زیادیکرد، بەوەش نرخەکەی رێژەی لەسەدا 1.1 بەرزبوەوە و نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بە 65.59 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
هاوکات، نرخی نەوتی رۆژئاوای تەکساس لەئەمریکا 58 سەنت زیادیکرد و بەڕێژەی لەسەدا یەک بەرزبوەوە، بەوەش نرخی هەر بەرمیلێک بە 59.12 دۆلار کڕین و فرۆشی پێوەکرا.
لە 10-ی مانگی رابردوەوە بەرزترین نرخی نەوتی تەکساس 59.73 دۆلاربوە و پێدەچێت ئاڵۆزبونی دۆخی لیبیا نرخەکەی نزیکبکاتەوە لە بەرزترین نرخی مانگی پێشوو.
لایەنە ناکۆکەکانی لیبیا پێداگیری لەوەدەکەن، کە هەریەکەیان مافی خۆیەتی بۆماوەی زیاتر لە پێنج ساڵ کۆنترۆڵی دەسەڵاتی لیبیا بکەن و پاش شکستهێنانی کۆبوونەوەی مۆسکۆ، هێزەکانی سوپای نیشتیمانی خەلیفە حەفتەر دەستیان بەسەر بۆڕی نەوتی لیبیاداگرت و ناردنی نەوتەکەیان راگرت، دامەزراوەی نەوتی نیشتیمانی لیبیا راگرتنی دوو وێستگەی نەوتی راگەیاند.