نوچە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی پابەندە بە رێککەوتنامە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ ەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە عەلی لاریجانی، سەرۆک پەرلەمانی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفیزیۆنی فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، “پەرلەمانی ئێران پڕۆژە یاسایەکی بۆ وەڵامی کاراکردنی رێوشوێنی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ لەلایەن فەرەنسا، بریتانیا و ئەڵمانیا ئامادەکردووە، بەڵام تاران بەپێی جوڵەکانی وڵاتانی ئەوروپا جۆری وەڵامەکەی دیاریدەکات”.
لاریجانی ئەوەشی خستوەتەڕو، “کێشە لەوەدا نییە ساڵی ٢٠١٨ ئەمریکا لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە کشاوەتەوە، بەڵکو کێشە لەوەدایە واشنتۆن وڵاتانی ئەوروپا ناچاردەکات ملکەچی خواستەکانی بن”.
عەباس موسەوی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ دوشەممە ٢٠-١-٢٠٢٠ لەکۆنگرەیەکی رۆنامەوانیدا رایگەیاند، “تاران هیشتا رێز لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ دەگرێت، کە لەگەڵ زلهێزەکانی جیهاندا واژۆی کردووە”.
موسەوی هەر سێ وڵاتی فەرەنسا، بریتانیا و ئەڵمانیای بەوە تۆمەتبارکرد، کە دەیانەوێت پابەندی ئەو بەڵێنانە نەبن، کە لە رێککەوتنەکەدا داویانە.
رۆژی ١٤-١-٢٠٢٠، فەرەنسا، بریتانیا و ئەڵمانیا، کە ئەندامی کارای رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێرانن لە راگەیەندراوێکدا رێوشوێنی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥-یان کاراکرد و رایانگەیاند: ئەوان پشتیوانی ئەمریکا ناکەن لەهەڵمەتی سەپاندنی زۆرترین فشاری ئابوری بەسەر ئێراندا، لەهەمانکاتدا رێگەنادەن ئێران پابەندبوونەکانی بەرێککەوتنەکە کەمبکاتەوە.
موسەوی باسی لەوەشکردوە، هەنگاوی پێنجەمی کەمکردنەوەی پابەندییەکانی ئێران رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەوە، هەنگاوی کۆتایی دەبێت لە کەمکردنەوەی پابەندییەکانی، یەکێکە لەو هەنگاوانەی، کە زۆرترین کاریگەری دەبێت لەسەر رێککەوتننامەکە”.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتیشی “راگەیاندنی کاراکردنی چارەسەرکردنی ناکۆکیەکانی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە، هیچ کاتێک جگەی رەزامەندی نییە، ئەوەی ئێران بۆی گرنگە کاری وڵاتانی ئەوروپایە نەک تەنها قسە”. روونیشیکردەوە، “پێویستە وڵاتانی ئەوروپا خۆیان یەکلایی بکەنەوە، ئایا دەتوانن سەربەخۆبن لە بڕیارداندا، یاخود دەبن بە شوێنکەوتوی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا”.