نوچە
ژمارەی خۆپیشاندەرە کوژراو و بریندارەکانی بەغدای پایتەختی عێراق، ئاشکرا دەکرێت.
بەگوێرەی میدیا عێراقییەکان، کە ئەمڕۆ (دووشەممە ٢٠-١-٢٠٢٠)، بڵاویان کردووەتەوە، هێزە ئەمنییەکان لە شەوی رابردوودا بە زەبری هێز و گازی فرمێسکڕێژ، خۆپیشاندەرانیان لە شەقامی خێرای محەمەد قاسم لە ناوەڕاستی بەغدا، دەرکردووە.
هەروەها هێزە ئەمنییەکان بە زەبری گوللەی لاستیکی و گازی فرمێسکڕێژ کۆتاییان بە خۆپیشاندانی گۆڕەپانەکانی بەغدا هێناوە.
بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەرانی بەغدا، خۆپیشاندەرێک گیانی لەدەست داوە و 37ـی دیکەش بریندار بوون.
هەفتەی رابردوو، خۆپیشاندەرانی شاری ناسریەی سەنتەری پارێزگای زیقار مۆڵەتی یەک هەفتەیان بە حزب و لایەنە عێراقییەکان دا، کە تا سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە ٢٠-١-٢٠٢٠ کەسێک بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی وڵاتەکەیان دیاری بکەن، ئەگەرنا ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکان فراوانتر دەکەن.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی ١-١٠-٢٠١٩ لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێکرد. بەهۆی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران، نزیکەی ٥٠٠ هاوڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە ١٧ هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی نزیکەی ٧٠٠ کەس، جگەلە بێسەروشوێنەکان.