شلێر سەعید: هەولێر
ئەندام پەرلەمانێکى نەوەى نوێ رایدەگەیەنێت، خانەنشینیمان رەتکردۆتەوە و خانەنشینى پلە باڵاکان، بارێکى قورسە بۆ سەر حکومەت و دەبوو خانەنشینى فەرمانبەران و ئەوانەى موچەکانیان زۆر نزمە زیاد بکرایە.
لە ڕۆژى ١٦-١-٢٠٢٠، پڕۆژە یاساى چاکسازى پەسەند کرا و هەندێ لە فراکسیۆنەکان پێیان وابوو چاکسازى نەکراوە وەک پێویست و هەندێک فراکسیۆن-یش بە باشترین پڕۆژەیان لە قەڵەم دا.
لە لیدوانیکی تایبەتدا بە نوچە، کاوە عەبدولقادر، جیگرى سەرۆکى فراکسۆنى نەوەی نوێ لە پەرلەمانى کوردستان، لەبارەی رەتکردنەوەی خانەنشینی ڕایگەیاند: ئەمڕۆ (یەکشەممە١٩-١-٢٠٢٠) هەریەکێک لە ئێمە ئەندامانى فڕاکسیۆنى نەوەى نوێ، وەک پێشتر بەڵێنمان دابوو خانەنشینى پلەباڵاکانی پەرلەمانتارى ڕەتبکەینەوە؛ بۆیە هەریەکێک لە ئێمە بە جیا بەفەرمى داواکاریمان پێشکەشى دیوانی سەرۆکایەتى پەرلەمانکردووە و پێمان ڕاگەیاندن ئێمە واژومان کردووە، کە خانەنشینى پەرلەمانتاریمان ڕەتکردۆتەوە.
کاوە عەبدولقادر گوتیشى، بە تەواوى خانەنشینیەکەمان ڕەتکردۆتەوە و باوەڕمان بەوەیە، کە کردوومانە و لەسەر مەبدەئی خۆمانین.
پەرلەمانتارەکەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەى بەوەشکرد، دەبوو لە جێى خانەنشینى پلە باڵاکان، کە بارێکى قورسە لەسەر حکومەت، دەبووایە خانەنشینى فەرمانبەران و ئەوانەى موچەکانیان زۆر نزمە زیاد بکرایە.