شلێر سەعید
بە پێى ڕاگەیاندنى ئامارەکان هاوسەرگیرى کردن بە بەراورد لەگەڵ سالى ڕابردوو کەمی کردووە، توێژەرێکى کۆمەڵایەتیش پێى وایە هاوسەرگیرى کردن لە هەرێمى کوردستان لەکەمی دایە، ئەو هۆکارەکانى گەڕاندەوە بۆ ناساقامگیری بارودۆخ لە زۆر روەوە، بەتایبەت بوارى ئابوورى.
لە لێدوانیکى تایبەت بە نوچە، عوبێد خدر، توێژەرى کۆمەڵایەتى، سەبارەت بە کەمبوونەوەى هاوسەرگیرى کردن ڕاگەیاند: کە ئەو ئامارانە سرووشتى نین و دەبو ڕێژەکە لەهەڵکشان بایە نەک کەم بکات. گوتیشى ”هاوسەرگیرى دەبوو ساڵ بە ساڵ رێژەکە زیاد بکات و من هۆکارى سەرەکى دەگەڕێنمەوە بۆ بارى دارایی و پاشان باری سیاسی، چونکە گەنجێک لە خۆى دڵنیا نییە تا کەى دەتوانێ لەو وڵاتە بژى، هەتا ئەو گەنجەى بارى دارایشى باشە بی متمانەیە لەو بارودۆخە لە رووی سیاسییەوە هەست بە سەقامگیرى ناکات، یاخود ئەو موچەى وەرى دەگرێ ئایا مانگى داهاتو هەیە یان نا!
ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە باسی لە هەندێ هۆکارى دیکەش کرد، وەک هۆکارى نەبوونى متمانە لە نێوان کەسەکان، بەتایبەت ڕۆژانە بیستنى ئەو هەموو کێشە کۆمەڵایەتییە، کە بەهۆى مۆبایل یان تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک و زۆر بوونى جیابونەوە، واى کردووە گەنج بترسێت لەوەى هاوسەرگیرى بکات.
عوبێد خدر ئەوەشى خستەڕوو، کە نەبوونى هیچ پاڵپشتییەکى هاندەر بۆ هاوسەرگیرى کردن، هۆکارە بۆ کەم بوونەوەى هاوسەرگیرى، دەبوو پێدانى خانوو یان پێشینەى هاوسەرگیرى بەردەوام بایە، چونکە تا ٢٠١٣ هاوسەرگیرى کردن زۆر باشتر بوو لە ئێستادا، چونکە هەلى کار و پیشینەى هاوسەرگیرى هەبوو.
شەهرام میر حاجی، بەڕێوبەرى ڕاگەیاندنى ئەنجومەنى دادوەرى، لە بارەى ئامارى 2019 بە نوچەى ڕاگەیاند: ئەو ئامارە و مامەڵەکانى ئەنجامدراوە تەنها هی نۆ مانگە لە دادگاکانى هەرێمى کوردستان لە (2-1-2019 تاوەکو 30-9-2019) و لە داهاتوودا کۆى ئامارەکان رادەگەیەنین. گوتیشى ”تا ئەو کات هۆکارى جیابوونەوەکان و ڕاناگەیەنین”.
ئەوەش بەشێکە لە ئامارەکانی 2019، کە بەم شێوەى خوارەوەیە:
– مارە بڕین لە هەولێر 11144ولە سلێمانى 11033 وکەرکوک /گەرمیان 1933 دهۆک 8322 کۆی گشتى (32،432).
– ژن هێنانى دووەم هەولێر 21، سلێمانى 33، دهۆک 5، کەرکوک 0 کۆى گشتى (59).
– لێک جیابونەوە هەولێر 3115 سلێمانى 3448 کەرکوک – گەرمیان 689 ، دهۆک 1129، کۆی گشتى (8،381).
– لەدایک بوون هەولێر 1028 سلێمانى 2840 کەرکوک گەرمیان 154 دهۆک 1062 کۆى گشتى (5084).
– وەفاتنامە هەولێر 3066 سلێمانى 3319 کەرکوک گەرمیان 199 دهۆک 1222 کۆى گشتى (7806).
– ئامارى 2018، بەبەراورد لەگەڵ ئامارى 2019 مارە بڕین زیاتر بووە کە کۆى گشتى (39،763).
– ژن هینانى دووەم 89 بووە ، لیک جیابونەوە زیاتربوە لە 2019 ( 9،192).
– لەدایک بون (5،350) وەفاتەکان کۆی گشتى (8،658).