نوچە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، کە کۆشکی سپی و ئێران هەردوولا بە جیا بانگهێشتنامەیان بۆ ناردووە تاوەکو سەردانی هەردوو وڵات بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا کاتی سەردانەکان دیارینەکراوە. دەشڵێت ”لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە”.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر، باس لە بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات لە پاش کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران.
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لەکاتی سەردانەکەی بۆ هەولێر لە کۆتایی ساڵی رابردوو، بانگهێشتنامەی پێگەیاندووە بۆ سەردانی کۆشکی سپی، بەو مانایەی بەر لە کوژرانی قاسم سولەیمانی بووە، بەڵام تاوەکو ئێستا کاتی سەردانەکە دیاری نەکراوە.
سەبارەت بەوەی، کە لە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس چاوی بە دۆناڵد ترەمپ دەکەوێت؟ سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەبێت پێشتر بزانن ترەمپ بۆ ئەمساڵ بەشداری دەکات یان نا.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس، کە لە ٢١ تاوەکو ٢٤ـی ئەم مانگە لە سویسرا بەڕێوەدەچێت بەشداردەبێت. سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، لە داڤۆس لەگەڵ مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە.
لەبارەی سەردانەکەی هەفتەی رابردووی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەولێر، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، عەبدولمەهدی لەو باوەڕەدا بووە، کە دەبێت ئەمریکییەکان لە عێراق بمێننەوە، بەڵام بە شێواز و رێکخستێکی نوێوە، بە تایبەت کە ئێستا فشارێکی زۆر لەسەر حکومەتەکەی هەیە.
لەبارەی هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، نێچیرڤان بارزانی رایدەگەیێنێت، عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەخوازن و بە پێویستی دەزانن خۆیان لە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەدوور بگرن.
سەرۆکی هەرێم لە چاوپێکەوتنەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، کە “هەرێمی کوردستان لە ئێران ناترسێت، بەڵام رێزی لێدەگرین”، هاوکات ئاماژە بە هێرشە موشەکییەکەی ئێران بۆ بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت “هێرشە موشەکییەکە پەیامێکی ئاشکرابوو بۆ هەموو لایەک، کە ئێران ئیرادە و توانای ئەوەی هەیە هەر شوێنێکی بوێت لە عێراق بیکاتە ئامانج”.
لەبارەی سیاسەتی ئەمریکا لەعێراق سەرۆکی هەرێم دەڵێت، هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستووریی لە چوارچێوەی عێراق هەمیشە پێگەیەکی تایبەتی هەیە، بەڵام سیاسەتی ئەمریکا هیچ نەگۆڕاوە و تاوەکو ئێستا پەیڕەوی “یەک عێراق، یەک سیاسەت” دەکات. هەرێمی کوردستانیش هەمان سیاسەتی ئەمریکای هەیە لە پەیڕەوکردنی یەک سیاسەت بۆ تەواوی عێراق.