نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، زۆربوونی قونسولگەری وڵاتان لە ڕووی ئابووری و سیاسی سودی زۆری بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت.
هەرچەندە هەرێمی کوردستان، تاکو ئێستاش بەشێکە لە عێراق و دەوڵەتی سەربەخۆی نییە، بەڵام هاوشیوەی وڵاتێکی سەربەخۆ و سەقامگیر لە لایەن زۆربەی وڵاتانی نێودەوڵەتی و هەرێمییەوە، مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، ئێستاش بەهۆی ئاڵۆزییەکانی عێراق و ناوچەکەوە بەشێک لە وڵاتان لە هەوڵی ئەوەدان کە قونسولگەری خۆیان بگوازنەوە بۆ هەولێر، ئەمەش وەک ئاماژەیەکە بۆ ئارامترین شوێنی ناوچەکە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ناسر هەرکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی گواستنەوەی بەشیکی قونسولگەری وڵاتان لە بەغداوە بۆ هەولێر، ڕایگەیاند “هەڵکەوتەی جووگرافیای هەرێمی کوردستان لە عێراق، بەلای هەموو وڵاتانەوە گرنگە و بوونی قونسولگەری وڵاتانیش هەموو کاتێک لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە، هەموو وڵاتێکیش هەوڵی ئەوەدەدات قونسولگەری بباتە شوێنێکەوە کە لەڕووی ئەمنییەوە پارێزراو بێت، چونکە لە هەر شوێنێک هەست بەئارامی نەکەن ڕەنگە نەتوانن کاری تێدابکەن”.
هەرکی گوتیشی “یەکێک لەهۆکارەکانی زۆربوونی قونسولگەری وڵاتانیش لەهەولێر ئارامییەکەیەتی، هەتا وڵاتان زیاتر هەست بە ئارامی بکەن لە هەرێمی کوردستان، بەدڵنیاییەوە لە ڕووی ئابووری و سیاسی سودی زۆر دەبێت، بۆ هەرێمی کوردستان”.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەشڵێت “هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و سەقامگیری عێراق لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستاندایە، بۆیە ئومێدەوارین عێراق هەست بەو مەترسیانە بکات، کە لەسەر عێراق و ناوچەکە هەیە، هەروەها لایەنەسیاسییەکان بیر لە رێککەوتن بکەنەوە بۆ ئەوەی سەقامگیری لە عێراق بێتە ئاراوە”.
سەبارەت بە ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە کەمکردنەوەی گرژییەکانی عێراق، ئاماژە بەوەدەکات “پەیامی سەرۆکی هەرێم زۆر ڕوون و ئاشکرابوو، بۆیە هەرێم هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆی دەخاتە گەڕ بۆئەوەی لەگەڵ برایانمان لە حکومەتی عێراق، پێکەوە هەوڵبدەین ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی لە عێراق هەیە کۆتایی پێبهێنرێت، بێشک هەرێمی کوردستان بەهەموو پێکهاتەکانییەوە بە حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمەوە هاوکار دەبن بۆئەوەی سەقامگیری بۆ عێراق و ناوچەکە بەرقەرار بێت”.