دوایین زانیاری لەبارەی ئەو پەنابەرانەی یەختەکەیان ژێرئاو کەوت

0

ئەسعەد مورادی

بەرپرسی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ نوێنەری دەزگاكەمان لە یۆنان، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەو وڵاتەدا، زۆرێک لە کاروبارە یاساییەکانی سەبارەت بەو ڕوداوە ناخهەژێنەی ١١ی مانگ تەواوکرد.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ئاری جەلال، بەرپرسی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران، لەبارەی چارەنوسی ئەو كوردانەی یەختەكەیان ژێرئاوكەوت راگەیاند: ئەمڕۆ(پێنجشەممە ١٦-١-٢٠٢٠) نوێنەرمان شێخ حسێن حەمەساڵح، لەپاش بەدواداچونێکی چەند ڕۆژی، بە هاوکاریی پۆلیسی کەناراوەکان و پزیشکی دادی یەنەنەو بە هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عیراق لەیۆنان، کۆتایی بە بەشێک لە کاروبارە فەرمییەکان هێنا بۆ ئاشکراکردنی چارەنوسی ئەو پەنابەرە کوردانەی، کە لە رووداوی ژێرئاوکەوتنی یەختێک لە نزیک دورگەی پاکسۆسدا بون. ژمارەی ئەو کەیسانەی کە لە دەزگای لوتکە تۆمارکراون بریتییە لە ٢١ کەیس”.

ئاری جەلال ئاماژەی بەوەكرد،”دوای ئەوەی لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمەوە وەڵامدراینەوە، كە ناتوانن هاوكارییمان بكەن لە هێنانەوەی تەرمی قوربانییەكان، شێخ رەنج، نوێنەری پەیوەندییەكانی كاك لاهور شێخ جەنگی، پەیوەندی پێوەكردین و پێی راگەیاندین، كە هەموو خەرجییەكی هێنانەوەی تەرمەكانی دەگرێتە ئەستۆ”.

بەرپرسی دەزگای لوتكە دەڵێت “بەپێی دوایین زانیارییەكانی نوێنەری دەزگاكەمان، لەو ٢١ پەنابەرەی کەیسەکانیان لەلامان تۆمارکراوە سێ پەنابەر ڕزگاریان بووە، کە دوو پەنابەریان لەلایەن پۆلیسەوە دوێنی بەهۆی پێبونی بەڵگەنامەی یۆنانی ئازادکراون. هەروەها ئەو پەنابەرەی دیکەش، کە لە زیندان بوو، ئەمڕۆ نوێنەرەكەی ئێمە کاروباری یاسایی بۆ جێبەجێکردووە و خانووەكەی خۆی وەك كەفالەت بۆ ئازادكردنی داناوە و بڕیارە لە ماوەی دوو ڕۆژی ئایندە ئازاد بکرێت”.

ئاری جەلال ئەوەشی خستەڕوو، کە “تەرمی پێنج پەنابەری كورد دۆزراوەتەوە و ١٣ کەسیش تا ئێستا بێسەروشوێنن؛ دەزگای لوتکە کەیسی تایبەت دەکاتەوە بۆ بێسەروشوێن بووەکان و لە گەڕان و بەدواداچوون بۆ ئاشکراکردنی چارەنوسیان بەردەوام دەبێت. ئەو پێنج تەرمەی کە بوونیان هەیە، پاش تەواوکردنی رێکارە یاساییەکانیان، دەزگای لوتکە لە ئایندەیەکی نزیکدا تەرمەکانیان دەگەڕێنێتەوە بۆ ناو خاکی هەرێمی كوردستان تێچووی گەڕاندنەوەی تەرمەکان لەلایەن لاهور شێخ جەنگییەوە دابین کراوە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com