پەرلەمانتارێک: پرۆژەی چاکسازی دیکە دەگاتە پەرلەمان

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لەڕێگەی پڕۆژەیاسای چاکسازی حکومەتی هەرێم دەتوانێت داهاتەکانی خۆی باشتر ڕێکبخاتەوە.   

دوای ئەوەی پڕۆژەیاسای چاکسازی لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان کرا و خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆکرا، ئەمڕۆ پڕۆژەیاساکە پەسەندکرا.  

لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچە، وەیسی سەعید، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند: ئەمڕۆ (پێنجشەممە ١٦-١-٢٠٢٠)، پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، پڕۆژەیاسای چاکسازی پەسەندکرا، ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ خەڵکی کوردستان و حکومەتی هەرێم، دەتوانێت لە رێگەی ئەو پرۆژەیاسایەوە، داهاتەکانی خۆی باشتر رێکبخاتەوە، بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵکی کوردستانی پێبکات”.   

وەیسی سەعید گوتیشی “ئەمە یەکەمین پڕۆژەی چاکسازیییە و بە دڵنیاییەوە پڕۆژەی چاکسازی تر لە بوارەکانی ئیداری، وەبەرهێنان، کشتوکاڵ و چەندین بواری تر دێتەوە پەرلەمانی کوردستان، چونکە لەم کابینەیەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەیەوێت لە رێگەی یاساوە هەموو ئەو سێکتەرانە رێکبخاتەوە، کەوا پێویستیان بە چاکسازی هەیە”.                   

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژە بەوەشدەکات، هەندێک فراکسیۆن تێبینییان لەسەر چەند بڕگەیەکی پڕۆژەیاساکە هەبووە و بایکۆتی هۆڵی کۆبوونەوەکەیان کرد، کە بریتی بوون لە فراکسیۆنەکانی کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی و بەشێک فراکسیۆنی نەوەی نوێ. دەشڵێت “ئەوەی ئەوان زیاتر بەدواوە بوون و دەیانویست موزایەدە بکەن و وەک بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاری بهێنن، لە لایەن زۆرینەی پەرلەمانتارانەوە رێگەیان پێنەدرا”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com