شلێر سەعید-هەولێر
بڕیارە ئەمساڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، ٥٠٠هەزار تەن گەنم لە جوتیاران بکڕێت.
بەمەبەستی دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و بە بازاڕکردنی ئەو بەشە گەنمەی لە دەرەوەی پرۆسەی وەرگرتنی حکومەتی عێراق دەمێنێتەوە، بۆ ئەمساڵ پڕۆژەی کڕینەوەی ٥٠٠ هەزار تەن گەنم ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە.
حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ لەلێدوانێكی تایبەتدا بە نوچەنێتى ڕاگەیاند: ساڵانى پێشوو جوتیارانمان ڕاستەخۆ گەنمەکانیان دەدا بە سایلۆکانى عێراق، لەوێوە شایستە داراییەکانیان بۆدەهات، ئەوەش بۆیە هۆى چەند کێشەو گرفتێک ئەوان شایستە داراییەکانیان پێ نەدرێت، بۆیە بیرمان کردەوە ڕێگا چارەیەک بدۆزینەوە، چونکە پەیوەستە بە ئاسایشى خۆراکى هەرێمى کوردستان.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، دەڵێت: ئەو پڕۆژەىەی ئێمە بریتیە لە کڕینەوەى گەنم لە جوتیاران لە دەرەوەى ئەو بڕەى حکومەتى عێراقى وەرى دەگرێ ، بۆنمونە ساڵى پار عێراق ٣٧٠هەزار تەنى وەرگرتوە، لە کاتێکدا داهاتی گەنمی کوردستان نزیکەی یەک ملێون تەن بووە، بەو شێوەش ئەوەى ماوەتەوە جوتیاران یان هەرزان فرۆشتویانە یان لە شارەکانى ناوەڕاست هاتون لێیان بەنرخێکی کەمتر لێیان کڕیون. بۆیە بەشێوەیەکى مەبدەئى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران، رەزامەندی لەسەر ئەم پڕۆژەیە داوە. بۆ جێبەجێکردن ئاراستەى وەزارەتى بازرگاکى و پیشە سازى و دەستەى وەبەرهێنان و ئابورى و پلان دانان کراوە، بۆ ئەوەى دیراسەی چۆنێتی کڕینی گەنم لە جوتیاران بکەن.
حوسێن حەمەکەریم، سەبارەت بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە زانیاری زیاتر دەخاتەروو”سێ بیرۆکە خراونەتەڕوو، یەکەم حکومەت خۆی گەنم بکڕێت لە ئاشەکان بیکات بەئاردی سفر و، بە نرخی پاڵپشت بە سەمونخانە و نانەواخانەکانی بفرۆشێ، بیرۆکەی دووەم، کەرتی تایبەت کارەکە بکات و حکومەتیش بە بڕێک پارە پاڵپشتی پرۆژەکە بکات، بیرۆکەی سێیەمیش ئەوەیە بەهاوبەشیی کەرتی گشتی و تایبەتی پرۆژەکە جێبەجێ بکرێ”.
پێشتر حکومەتی ناوەندی تەواوی گەنمی جوتیارانی کوردستانی دەکڕیەوە، بەڵام بەهۆى بارو دۆخى سیاسی و بونى چەندین کێشە ماوەی سێ ساڵە وەرگرتنیان گۆڕیوە و تەنیا بە٪ی١٢.٦٧
بودجەی تەرخانکراو گەنمی هەرێمی کوردستان دەکڕنەوە، ئەمەش زیانی بە جوتیاران گەیاندووە،لە ساڵانی ٢٠١٤، ٢٠١٥، ٢٠١٦ بڕی ٢ ملیۆن و ٥٤١ هەزار تەن گەنم لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە، بەڵام لە سێ ساڵی رابردوودا تەنیا ٩١٨هەزار تەن وەرگیراوە.