شنگال: بەرپرسێکی پەکەکە گیانی لەدەستدا

0

ئەسعەد مورادی

بەرپرسێکی باڵای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەهۆی بۆردومانەکەی ئەمڕۆ (چوارشەممە ١٥-١-٢٠٢٠)-ی سنووری شنگال، گیانی لەدەست دا. قایمقامی شنگالیش دەڵێت ”پێشتر چەندین جار داوامان کرد ململانێکانیان نەهێننە ناو شنگال”.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال، لەبارەی بوردومانەکەی ئەمڕۆی تورکیا لە قەزای شنگال رایگەیاند: ئەمڕۆ چوارشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بارەگایەکی پەکەکەیان لە ناوچەی (دووگری) لە سنووری شارەدێی سنوونێی سەر بە شنگال بۆردومان کرد.

خەڵکی شنگال خەڵکێکی هەژار و فەقیرن و پێشتریش چەندینجار داوامان لە پەکەکە کرد شنگال چۆڵ بکەن، بەڵام رێزیان لە داواکەمان نەگرت. بێگومان هەر بۆردومانێک زەرەر و زیانی خۆی هەیە و ئەو بنکەیەش بۆردومان کراوە هی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە)-یە و سەربە عێراقن و لایەنگری پەکەکەن.

قایمقامی شنگال دەشڵێت، بوونی ئەو چەکدارانە لەو ناوچەیە کێشە بۆ خەڵک دروست دەکات و پێویستە تورکیا رێز لەخەڵکی شنگال بگرێت و هەروەهاش پەکەکە رێز لە جینوسایدی ئێزدییەکان بگرێت و هەردوولایان کێشەکانیان نەهێننە شنگال. گوتیشی ”دەبوایە حکومەتی عێراق پارێزگاری لە سەروەری خاکی وڵات بکردبایە، بەڵام نایکات”.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا ١١ کەس گیانیان لەدەست داوە، کە یەکێکیان ناوی ”زەردەشت شنگالی”-یە، کە بەرپرسی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە – باڵی شنگالی پەکەکە) بووە. جگە لە بوونی ژمارەیەک بریندار.

لە بارەی هێرشەکەوە، میدیای پەکەکە تۆمارێکی ڤیدیۆیی بڵاو کردووەتەوە و بانگەشەی  ئەوە دەکات کە باڵاخانەیەک لە لایەن فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومان کراوە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ژمارەی کوژراو و بریندارانی هێرشەکە بکات، بەڵام هەروەک لە تۆمارە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەوێت، ئۆتۆمبێلێکی سەربازی بە تەواوی سووتاوە، ئەمەش نیشانی دەدات کە بارەگایەکی سەربازیی سەر بە پەکەکە کراوەتە ئامانج.

بەگوێرەی میدیاکانی سەر بە پەکەکە، ئەو ناوچەیەی بۆردومان کراوە، دەکەوێتە سنووری دەسەڵاتی هاوبەشی نێوان پەکەکە و سوپای عێراق، بۆیە دوای بۆردومانەکە، هێزێکی سوپای عێراق بۆ لێکۆڵینەوە گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە.

وێنەی زەردەشت شنگالی کە لە میدیاکانەوە بڵاو کراوەتەوە
Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com