نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق بەفەرمی دانی بە زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا ناوە، کەپێشتر دانی پێدا نەنابوون.
زانکۆکانی سۆران، زاخۆ، کوردستان، هەڵەبجە، ڕاپەڕین، گەرمیان، لەگەڵ زانکۆکانی پۆلەتەكنیكی ھەولێر، دھۆك و سلێمانی، لەلایەن حکومەتی عێراق دانیان پێدانەنرابوو، ئەمەش کێشەی گەورەی بۆ ئەو کەسانە درووستکردبوو کە هەڵگری بڕوانامەی ئەو زانکۆیانەن و دەیان ویست لە دەرەوەی وڵات درێژە بەخوێندن بدەن، یان بیانەوێت کار بەبڕوانامەکەیان بکەن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، محەمەد شاكر، پەرلەمانتاری کورد و ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵای پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە دانپێدانانی ئەو زانکۆیانەراگەیاند”لە کۆی ئەو ٩ زانکۆیەی هەرێمی کوردستان، کە پێشووتر لە لایەن حکومەتی عێراقییەوە دانیان پێدانەنرابوو، حكومەتی عێراق بەفەرمی دانی بە ٥ زانکۆدا ناوە، ئەوانیش بریتین لە زانكۆكانی سۆران، كوردستان، زاخۆ، ھەڵەبجە، راپەڕین”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، دانپێدانانی زانكۆی گەرمیان دواخراوە، بەهۆی ئەوەی، کە ھەندێك پێوەر تێیدا جێبەجێ نەكراوە، لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەوەش چارەسەر دەکرێت، گوتی”جگە لەوانەش کاریمان لەسەر زانكۆکانی پۆلەتەكنیكی ھەولێر، دھۆك و سلێمانیش کردووە و لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆمان لەگەڵ لیژنە پەیوەندیدارەکان، باس لەوەكرا لە ماوەی مانگێكدا ڕێکارەکان تەواو بکرێت”.
سەبارەت بە گرنگی داپێدانانی ئەو زانکۆیانە، محەمەد شاکر، دەڵێت”بۆ لەمەودوا ئەو زانکۆیانە ناویان لەو لیستەدا دەبێت، کە لە عێراق باوەڕپێکراون، بۆیە دەرچوانی ئەو زانکۆیانە ئەگەر بیانەوێت بچنە دەرەوەی وڵات بۆ درێژە دان بە خوێندنی ماستەر و دکتۆرا، یان بیانەوێ لەسەر میلاکی حکومەتی ناوەندی دابمەزرێن، ئەوا دان بە بڕوانامەی بەکالۆریۆسەکەیاندا دەنرێت و هیچ کێشەیەکیان بۆ دروستنابێت”.
ئەو ئەندامەی لیژنەی خوێندنی باڵا و پەروەوردەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەروەها دەڵێت”ئەوانەی پێشتریش کە لەو زانکۆیانەدا خوێندویانە و بڕوانامەیان وەرگرتووە، حکومەتی عێراقی هاوشێوەی خوێندکارانی ئێستای ئەو زانکۆیانە دان بە بڕوانامەکانیاندا دەنێت”.