ئەمریکا مەترسییەکانی دوای کشانەوەی لەسەر عێراق دەخاتەڕوو

0

نوچە: ئاژانسەکان

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، ئەگەر هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق بکشێنەوە، ئەوا وەبەرهێنەرانی بیانیش ئەو وڵاتە بەجێ دەهێڵن و رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەگەڕێتەوە.

جۆی هود، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە وتارێکدا لە پەیمانگای توێژینەوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتۆن رایگەیاندووە: کشاندنەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق، چەندین ئاسەواری نەرێنی بۆ ئەو وڵاتە، بەجێ دەهێڵێ و وەبەرهێنەرانی بیانیش ئەو وڵاتە بەجێ دەهێڵن و چەکدارانی داعشیش سەرهەڵدەدەنەوە و دووبارە خاکی ئەو وڵاتە داگیر دەکەنەوە.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی ٣-١-٢٠٢٠، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد. بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.

پەرلەمانی عێراق رۆژی یەکشەممە ٥-١-٢٠٢٠، بەهۆی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، بەبێ ئامادەبوونی نوێنەرانی کورد و سوننە، بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانی لە عێراق، پەسەند کرد.

بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە ٨-١-٢٠٢٠، کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنووری پارێزگای کرماشانەوە، ژمارەیەک موشەکی ئاراستەی بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە سنووری پارێزگای ئەنبار و پارێزگای هەولێر کرد وەک تۆڵەکردنەوە لە ئەمریکا، بەڵام زیانی گیانی بەدواوە نەبوو.

محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، هێرشەکە وەەک تۆڵەکردنەوەیەک بوو بۆ کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئیدی وڵاتەکەی هیچ هێرشێک ناکاتە سەر ئەمریکا، تەنیا بەرگریی لەخۆی دەکات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com