ئەسعەد مورادی
چاودێرێکی سیاسی کورد رایدەگەیەنێت، سەرۆک وەزیران نەیتوانیوە سەرکەوتوو بێ و درێژە بە حکومەت بدا لە پرۆسەی چاکسازیدا و لە ئەنجامدا دەستی لەکار کێشایەوە. ئاسان نابێت ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران.
بەپێی زانیارییەکان،عادل عەبدولمەهدی، بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری کورد بۆ دوبارە خۆ کاندید کردنەوەی بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی دەستوری عێراق هەر بەرپرسێکی لە کاتی دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستێکی حکومی لەم خولەی پەرلەمان مافی دوبارە خۆ کاندیدکردنەوەی نییە.
لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچە، حەسەن بارام، چاودێری سیاسی کورد،لەبارەی کاندیدی کردنەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر و دەستلەکارکێشاوەی عێراق، رایگەیاند: ئەم پرۆژەیە ئەگەری هەیە دەستی لە پشت بێت و سەردانی عەبدولمەهدی بۆ کوردستان لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆ کرابێت، بەڵام سەرۆک وەزیران نەیتوانیوە سەرکەوتوو بێ و درێژە بە حکومەت بدا لە پرۆسەی چاکسازیدا و لە ئەنجامدا دەستی لەکار کێشایەوە. هیچ گۆڕانێک رووی نەداوە، تاکو ببێتە پاساوێک، کە عەبدولمەهدی کەسێی میانەڕەو -و هێورە تائیفی نییە، بۆیە ئەمانە وای کردووە ئاسان نەبێ.
حەسەن بارام دەشڵێت، لە راستیدا تاکو ئێستا هێزە سیاسییەکان و سەرکردە سیاسییەکان، بەتایبەتی لەنێو ماڵی شیعە، نایانهەوێ لە شەقامی خۆیان تێبگەن، کە ئەم شەقامە سەرۆک وەزیرانێک رەت دەکاتەوە سیاسەتی کردبێت و دەسەڵاتی هەبووبێت بەشدار بووبێ لە پرۆسەی سیاسی و دەیانەوێ کەسێکی نوێ کاندید بکرێت؛ لەبەرئەوە کەسێ دابنرێت و شەقام قبوڵی نەبێ وەک ئەوە وایە ئاسنی سەر بکوتن.
ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژە بەوە دەکات، کە هەر کەسێک یا عەبدولمەهدی، کە لە ١٥ ساڵی رابردوو بەشدار بووبێت لە دەسەڵات، بکرێتە سەرۆک وەزیران، شەقام زیاتر گڕ دەستێنێت و ناڕەزایەتییەکان فراوانتر دەبێت.