نوچە
کارگێڕی ئەنجومەنی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، لە وەڵامی ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان دەڵێت “شێوازی دەڕبرینەکانت بەرانبەر مسعود بارزانی، دوورە لە ئەتەکیەتی قسەکردنی سەرکردەکان”.
رۆژی یەکشەممە، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان، لە گوتارێکدا هێرشی کردە سەر سەرۆک مەسعود بارزانی، ئەوەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە. پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە تووندی وەڵامیان دایەوە.
محەمەد حەکیم، کارگێڕی ئەنجوومەنی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە نووسینەکەیدا، کە لە پەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند “وێڕای تێبینی و نیگەرانی ئێمە لە باری ناوخۆی کوردستان و ئەدای بارزانی، بەڵام بارزانیش سەرکردەیەکی خەباتی رزگاریخوازی گەلی کوردە و لە شەڕی دژی داعش رۆڵی ھەبوو، بەشی خۆم نەشمبیستوە شایەن بەو قسەیە بێت”.
محەمەد حەکیم، کە یەکێکە لە سەرکردەکانی کۆمەڵی ئیسلامی، رەخنە لە هەڵوێستی سەرکردە ئیسلامییەکانی شیعە و سوننە لە بارەی کورد دەگرێ و رایگەیاندووە “نازانم بۆ ئەوەندە ئاماژە بە کوردستان دەکەن، وەکو ئیسرائیلی دووەم وێنای دەکەن، لە کاتێکدا حەقە ئێوەومانان و باقی سەرکردە ئیسلامییەکانی دیكەی شیعە و سوننە، جاروبار ئاماژە بە مەزڵومیەتی میللەتی کورد بکەن و بە گاڵتەش بێت بڵێن: مافی ژیان و خۆبەڕێوەبردن و، گەر کرا بشڵێن: مافی دەوڵەتتان ھەیە!”