ژمارەی ئەو پەنابەرە کوردانەی لە ناو بەلەمەکە ژێرئاوکەوتن ئاشکرا دەکرێت

0

ئەسعەد مورادی

بەرەبەیانی رۆژی شەممە بەلەمێک بە ٥٠ سەرنشینەوە لەدەریای ئایۆنی نزیک دوورگەی پاکسوسی یۆنان ژێرئاوکەوت کە ١٧ کەسیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن و سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ ئاوارە و پەنابەران دەڵێت، چاوەڕواندەکەن ژمارەکە بەرزببێتەوە.

دوای رووداوەکە پۆلیسی دەریاوانی یۆنان، توانیویانە ٢١ کەس رزگاربکەن و تەرمی ١٢ کەسیشیان دەربهێنن.

لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچە، ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لووتکە کە تایبەتە بە ئاوارە و پەنابەران، لەبارەی رووداوی نقوبوونی بەلەمی پەنابەرەکانی یۆنان راگەیاند “بەلەمەکە رۆژی ١١-١-٢٠٢٠ کاتێک دەیویست لە کەناراوەکانی یۆنانەوە خۆی بگەیەنێتە کەناراوەکانی ئیتالیا، نزیک لە دوورگەی پاکسوسی یۆنان تووشی رووداو بوو، ژمارەی کوردە بێسەروشوێنبووەکانی رووداوەکە بۆ ١٧ کەس بەرزبووەوە و پێدەچێت ژمارەکە گۆڕانکاری بەسەردابێت”.

سەرۆکی دەزگای لووتکە ئاماژەی بەوەشکرد “وێڕای پرسە و سەرخۆشیمان بۆ سەرجەم کەسوکار و هاوڕێیانی ئەو کەسانە، بەمەبەستی هاوکاری و هاوئاهەنگی لە خێراتر راپەڕاندنی کاروباری یاسایی و گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبووەکان و گەڕانەوەی تەرمی قوربانییەکان پێویستمان بە بەڵگەنامەی عێراقی و روونترین و نوێترین وێنەی رەنگاوڕەنگی ئەو پەنابەرانەیە”. هەروەها داواش لە هاوڕێیان و کەسوکاریان دەکەین، کە وێنەیان لەلایە بە زووترین کات بۆمان بنێرن.

بە گوتەی ئاری جەلال، لەبەر نەبوونی بەڵگەی پێوست لەسەر کۆی پەنابەرەکان و پشوو لە وڵاتی یۆنان، پرۆسەی ئاشکراکردنی چارەنوسی ئەو کەسانە، تاوەکو رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت. دەزگای لوتکە لە رێگەی نوێنەرایەتی فەرمی خۆی و بەهاوکاری باڵیۆزخانەی عێراق لە یۆنان، کاروبارەکان جێبەجێدەکات و هاوکاری کەسوکاری قوربانییەکانیش دەبین”.

سەرۆکی دەزگای لووتکە باسیشی لەوەکرد، چەند خانەوادەیەکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییان پێوەکردوون، داواشدەکات، هەر کەسێک کەسوکاری لەنێو ئەو بەلەمەدا بووە یان زانیاری لەوبارەوە هەیە زانیاری بەدەزگای لووتکە بدات تاوەکو لەگەڵ تیمەکانی یۆنان بەدواداچوونیان بۆ بکەن.

Image may contain: 9 people, people smiling
Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com