ئەسعەد مورادی
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە (١٢-١-٢٠٢٠) حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری حزبوڵڵای لوبنان، لە میانەی وتارێکیدا هێرشیکردە سەر سەرۆک بارزانی و ئاماژەی بەوەکرد، گوایە ئەو کاتەی داعش هێرشی هێناوە، سەرۆک مەسعود بارزانی ترساوە، چونکە مەترسی داعش لە دەروازە بووە. چاودێرێکی سیاسیش دەڵێت ”ئەو پەلاماردانە پەیوەندی راستەوخۆی بە گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکاوە نییە”.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، عەبدولسەلام بەرواری، چاودێری سیاسی کورد، لەبارەی قسەکانی حەسەن نەسروڵڵا و هاوشێوەکانی دژ بە هەرێم رایگەیاند: پێموایە ئەوە رەنگدانەوەی شێوازی حکومڕانی و شێوازی بەڕێوەبردنی هەرچەند گلەیی و تێبینیمان هەبێ، حکومرانی کوردستان و تێڕوانینی ئێمە بۆ بابەتە سیاسییەکان، پێکەوەژیان، ئازادی ژنان و …هتد، شتێکی نامۆیە، ئەو خەڵکە لەخۆیان دەپرسن، کە ئەگەر ئەو شێوازە سیاسەتکردنە وەک پەتایەک لەم ناوچە بلاوبێتەوە.
عەبدولسەلام بەرواری دەشڵێت، تێبینیم کردووە لە حاڵەتە جیاوازەکاندا دەرفەتێک دەدۆزنەوە بۆ پەلاماردانی هەرێمی کوردستان و سەرکردەکانی؛ بۆیە لەو بڕوایەدا نییم پەیوەندی راستەوخۆی بە گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکاوە هەبێت.
د. جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیێنراوەکەدا بەتوندی وەڵامی حەسەن نەسروڵڵای دایەوە و رایگەیاند ”پێمان سەیرە، کە بەدەنگێکی لەرزۆک و شێوازێکی هەرزەکارانە، هێرشدەکەیە سەر هەرێمی کوردستان و رێبەری نەتەوەیەک. تۆ کە چەندین ساڵە رەنگی خۆرت نەبینیوە و لە ژێرزەوییەکان خۆت حەشارداوە، کەچی ئیهانە و سووکایەتی بە گەلێکی قارەمان دەکەی. لە جیاتی ئەو هێرشە نابەجێیە، هەقبوو داکۆکی لەو نەتەوە ژێردەستە بکەی، کە چەندین ساڵە ستەم و زۆرداری لێدەکرێت.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، ئەوە هێزی پێشمەرگە بوو، هەولێر و کوردستانی پاراست نەک خەڵکی تر.