وەڵامی توندی حکومەتی هەرێم بۆ حەسەن نەسروڵڵا

0

نوچە

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان دەداتەوە و دەڵێت ”ئەوەی هەولێر و کوردستانی لە هەڕەشەی داعش پاراست هێزی پێشمەرگە بوو، نەوەک خەڵکی دیکە”.

جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیێنراوەکەدا بە حەسەن نەسروڵڵا دەڵێت “لە جیاتی ئەو هێرشە نابەجێیە، هەقبوو داکۆکی لەو نەتەوە ژێردەستە بکەی، کە چەندین ساڵە ستەم و زۆرداریی لێدەکرێت”.

هاوکات لە راگەیێندراوێکدا دژەتیرۆری کوردستان، وەڵامی حەسەن نەسروڵڵای دایەوە و رایگەیاند “ئێمه‌ سوپاسى هه‌موو ئه‌و لايه‌نانه‌مان كردووه‌، كه‌ له‌شه‌ڕى دژ به‌ داعش هاوكارى هه‌رێمى كوردستانيان كردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌يان تۆ ناگرێته‌وه، چونكه هه‌رده‌م ‌هه‌ڵوێسته‌كانى تۆ به‌رامبه‌ر به‌ كورد و كوردستان هيچى كه‌متر نه‌بووه‌ له‌ هه‌ڵوێستى تيرۆريستانى داعش”.

ئێوارەی ئەمڕۆ حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری حیزبوڵڵای لوبنانی وتارێکی پێشکێشکرد و تێیدا هێرشیکردەسەر سەرۆک مەسعود بارزانی و ئاماژەی بەوەکرد، گوایە ئەو کاتەی داعش هێرشی هێناوە، سەرۆک مەسعود بارزانی ترساوە، چونکە مەترسی داعش لە دەروازە بووە.

حەسەن نەسروڵڵا دەڵێت، هەرێمی کوردستان قەرزداری قاسم سولەیمانییە، چونکە هەوڵەکانی ئەو مەترسی لەسەر خاکی هەرێمی کورستان دوورخستەوە.

دەقی وەڵامەکەی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کورستان بۆ حەسەن نەسروڵڵا:

بۆ مەلا حەسەن نەسروڵڵا

پێمان سەیرە کە بەدەنگێکی لەرزۆک و شێوازێکی هەرزەکارانە، هێرشدەکەیە سەر هەرێمی کوردستان و رێبەری نەتەوەیەک. تۆ کە چەندین ساڵە رەنگی خۆرت نەبینیوە و لە ژێرزەوییەکان خۆت حەشارداوە، کەچی ئیهانە و سووکایەتی بە گەلێکی قارەمان دەکەی. لە جیاتی ئەو هێرشە نابەجێیە، هەقبوو داکۆکی لەو نەتەوە ژێردەستە بکەی، کە چەندین ساڵە ستەم و زۆرداری لێدەکرێت.

ئەوە هێزی پێشمەرگە بوو، هەولێر و کوردستانی پاراست نەک خەڵکی تر. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە سوپاسی هەموو کەسێکمان کردووە، کە یارمەتی ئێمەیان داوە، بەڵام ئەو کەسەی، کە گوایا نوێنەری ئێوە بووە و لەکاتی سەردانی بۆ لای سەرۆک بارزانی بەشداربووە، دەبێت هەر هەمان کەس بێت لەگەڵ هاوچەشنەکانی خۆی، لە رۆژانی ١٦ و ٢٠ و ٢٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ئامانج و خەونی داگیرکردنی کوردستان بوو، بەڵام لە بەرامبەر خۆراگرى و بەرگری قارەمانانەی پێشمەرگەدا، لەرزۆکانە و سەرشۆڕانە سەریان لە بەرددا و خەونەکانیان لە گۆڕنرا.

تۆ کە لە ترسی نەیارەکانت ناوێری سەر هەڵبڕی، بۆ شەڕ بە نەتەوەیەک دەفرۆشی، کە هیچ پەیوەندییەکی بە تۆوە نییە. سەرۆک بارزانی، رەمزی خۆڕاگری نەتەوەیەکە و تۆی ترسنۆک زۆر لەوە بچووکتری ئەو زماندرێژییە بکەی.

د.جووتیار عادل
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
١٢-١-٢٠٢٠

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com