ئەسعەد مورادی
نوسەر و رۆژنامەوانێکی کوردی رۆژهەڵات رایدەگەیەنێت، ئێران هەوڵێکی زۆریدا، کە لە پێکرانی قاسم سولەیمانی زۆرترین کەڵکی کەرەسەیی وەربگرێت بۆ سازکردنی کەشێکی پۆپۆلیستی، بەڵام درێژەی نەکێشا.
لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچە، شاهۆ حوسێنی، نوسەر و رۆژنامەوان، لەبارەی دۆخی ئێران لە دوای قاسم سولەیمانی رایگەیاند: ئەگەرچی سەرەتا ئێران هەوڵێکی زۆریدا، کە لە پێکرانی قاسم سولەیمانی زۆرترین کەڵکی کەرەسەیی وەربگرێت بۆ سازکردنی کەشێکی پۆپۆلیستی، کە لەودا کۆمەڵانی خەڵک بە دوور لە لۆژیک و عەقڵانییەت لەناو جەغزێکدا ئامادەیی پەیدا بکەن، کە شەرعییەت بدات بە کۆی گشتی رژێم و بە هەڵکەوتیش تا ڕادەیەک تیا سەرکەوتوو بوو، بەڵام ڕێک لە ماوەیەکی زۆر کەم دا لێدانی جینایەتکارانەی فرۆکەیەکی مەدەنی لە تەنیشت حاشاکردن، شاردنەوەی راستێکان و هەوڵ بۆ بەلاڕێدا بردنی بیر و رای گشتی ناوخۆیی و جیهانی دەشێ بگوترێ کە کێشەیەکی قوڵی بۆ نیزام سازکرد، بەجۆرێ کە هەم سوپای پاسداران کە حەوتویەک پێشتر گەورە فەرماندەیەکی لەدەست دا بوو و هەم ڕیبەری کۆماری ئیسلامی زۆر بە تووندی و بە سیوەیەکی رادیکاڵ کەوتنە بەر هێرشی کۆمەڵانی خەڵکی ناڕازی و تووڕە.
شاهۆ حوسێنی دەشڵێت، ئێرانی پاش قاسم سولەیمانی لە ماوەی حەوتوێکدا دوو دۆخی تەوا لێک جیاوازی ئەزموون کرد، سەرەتا هاودەردی پۆپۆلیستانەی بەشێکی زۆری خەڵک لەگەڵ سوپای پاسداران و کۆیگشتی حکومەت. دووهەم ناڕەزایەتییەکی عەقڵانی و بیرمەندانەی کۆمەڵانی خەڵک، کە خەریکە بەشێوەیەکی بەربڵاو تەشەنە دەستێنێت بە دژ کردەوەی تێرۆریستیانەی سوپای پاسداران و ڕێبەری کۆماری ئیسلامی وەک بەرپرسی یەکەمی ڕژێم.
لەبارەی باڵانسی دەسەڵات لە ئێران لە نێوان باڵەکان(کۆنەپارێز و ریفۆرمخوازەکان) بەهۆی کوژارنی سولەیمانی، ئەو نوسەرە پێیوایە، لە رەوتی کوژرانی قاسم سولەیمانیدا هەر دووک باڵ بە یەک شیوە هەڵوێستیان گرت، هەڵبەت هیچ باڵێکی ڕێفۆرمخواز و ڕەوتێکی ڕێفۆرمیستی لە ئێراندا بوونی نییە، ئەوەی هەیە ڕەوتێکی ڕواڵەتی و بڕی ڕوانگەی جیاواز لە مەر مێتۆدی پاراستنی رژێمەکەیە، ئەگینا لەمەر هێڵە گشتییەکان ڕێک وەک یەک وان و هیچ جیاوازییەکیان نییە و تەنیا لە شیواز و مێتۆدی پاراستندا هێندێک جیاوازیان هەیە.
شاهۆ حوسێنی گوتیشی، ئەوەی ئێستا لە ئارادایە لە ئێران درێژەی ڕەوتێکی بەردەوامە، کە ناوەندە نیزامی و ئەمنێکان بەگشتی و بە تایبەتی سوپای پاسداران حەولی یەکدەست کردنی کۆمەڵگا و سیاسەت لە ئێران دەدەن. جیاوازی ئەو دوو باڵەش هەر لەوەدایە، کە باڵێک متمانەی بە باڵەکەی تر نییە و باڵی بەناو ڕیفۆرمخوازیش بە هەرجۆرێک حەولی مانەوە لەناو بازنەی دەسەڵاتدا دەدات.