نوچە
کامپەینی ئەوپەڕی گوشاری ئەمریکا و لێدوانەکانیان دژ بە ئێران بەردەوامن و ئەم بەیانییە ترەمپ لە هەژماری خۆی لە توویتەر بۆ یەکەمجار دوو توویتی بە زمانی فارسی رووبە خەڵکی ئێران بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەگەڵتانم.
دوێنێ جارێکی دیکە لە تارانی پایتەخت و چەند شار و شارۆچکەیەکی دیکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندان بەڕێوەچوو.
ئەم ئاڵۆزیانەی دوایی لە ئێران دوای ئەوەهات، کە رۆژی ٨-١-٢٠٢٠ فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئۆکراینی لە تاران بە ١٧٦ سەرنشینەوە کەوتەخوارەوە و دوای فشارێکی زۆری نێودەوڵەتی دوێنێ شەممە ١١-١-٢٠٢٠، ئێران دانی بەوەدا، نا کە بە موشەک خراوەتەخوارەوە.
دۆناڵد ترەمپ لە تویتێکیدا کە بە زمانی فارسی بڵاوکردۆتەوە دەڵێت: لەسەرەتای سەرۆکایەتیمەوە من لەگەڵ خەڵکی بوێری ئێران بوومە، کە ئازار و مەینەتی زۆریان کێشاوە. ئیدارەکەم لە پاڵپشتیکردنی خەڵکی ئێران بەردەوامدەبێت.
ترەمپ ئاماژە بەوە دەکات، لە نزیکەوە چاودێریی خۆپیشاندانەکانی ئێران دەکات و بەو بوێرییەی خەڵکی ئێران سەرسامە.
ترەمپ ئەوەی خستەڕوو، دەبێت حکومەتی ئێران رێگەبدات مافەکانی مرۆڤ چاودێریی خۆپیشاندانەکان بکەن و راپۆرت لەسەر خۆپیشاندانەکانی خەڵكی ئێران بڵاوبکەنەوە. هەروەها سەرۆکی ئەمریکا باس لەوەش دەکات، نابێت کۆمەڵکوژی دژی خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەکان بکرێت یان هێڵی ئینتەرنێت بپچڕێنرێت، جیهان سەیرتان دەکات.