ئێران دانی بە خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکەدا نا

0

نوچە: ئاژانسەکان

دوای زۆربوونی فشارەکان لەسەر ئێران، بەرپرسانی ئەم وڵاتە ئاشکرایان کرد، ئەو فڕۆکەیەی هێڵی ئاسمانی ئۆکراینا، کە لە دەرەوەی تاران کەوتەخوارەوە، بێ مەبەست و بەهۆی هەڵەیەکی مرۆیی لە لایەن هێزە سەربازییەکانیانەوە خراوەتەخوارەوە.

فەرماندەیی گشتی سوپای ئێران لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: ئەو فڕۆکە ئۆکراینییەی چوارشەممە کەوتەخوارەوە لە ناوەندێکی سەربازیی هەستیار نزیکبووەتەوە و بەشێوەیەکی نەخوازراو و بە هەڵەیەکی مرۆیی فڕۆکەکە بەر موشەکی سیستەمی بەرگریی ئێران کەوتووە.

بەپێی راگەیێندراوەکە، فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی لە تاران هەستاوە و بەنزمی بەسەر ئەو ناوەندە سەربازییەدا سووڕاوەتەوە.

بەیانیی ئەمڕۆ شەممە ١١-١-٢٠٢٠ حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران، لە توویتێکدا رایگەیاند “لێکۆڵینەوەکانی هێزە چەکدارەکان بەو ئەنجامە گەیشتوون، کە بەداخەوە هەڵەیەکی مرۆیی بووەتە هۆی تێکشکانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە و گیانلەدەستدانی ١٧٦ کەسی بێتاوان”.

حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران لە توویتێکدا ئەوەی خستەڕوو، “لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دیاریکردن و دادگایی کردنی ئەم هەڵەیەی، کە مایەی لێخۆشبوون نییە”. دەشڵێت ”ئێران لە ناخەوە لەم هەڵە کارەساتبارە پەشیمانە”.

هەروەها محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە توویتێکدا هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و داوای لێبووردنیشی لە خەڵکی ئێران کرد.

جەواد زەریف لە توویتەکەیدا نووسیویەتی، ئەنجامی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی هێزە چەکدارەکان ئەوەیە، کە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە بەهۆی هەڵەیەکی مرۆییەوە بووە، پەشیمانی قووڵمان، داوای لێبووردن و سەرەخۆشی لە خەڵکی خۆمان و خێزانی قوربانییەکان و ئەو نەتەوانەی دیکە دەکەین کە خەڵکیان لە رووداوەکەدا بوونە قوربانی.

بەیانی رۆژی چوارشەممەی رابردوو فڕۆکەیەکی هێڵی تاران – کییەف شەش خولەک دوای هەستان لە فڕۆکەخانەی تاران، لە نزیک شاری شەهریار لە پارێزگای تاران کەوتەخوارەوە. تەواوی ١٧٦ کەس سەرنشینی فڕۆکەکە گیانیان لەدەستدا.

رۆژی پێنجشەممە جەستن ترودوو، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا رایگەیاند، زانیاریی هەواڵگرییان لە چەند سەرچاوەیەکی جیاوازەوە پێگەیشتووە کە ئاماژە بەوە دەدات فڕۆکە ئۆکراینییەکەی فڕۆکەخانەی تاران بە مووشەکێکی زەوی بە ئاسمانی ئێرانی خراوەتە خوارەوە، ئەوەشی گوت کە دەکرێت ئەو رووداوە بە مەبەست نەبووبێت. هەر دوای قسەکانی سەرۆکوەزیرانی کەنەدا دوێنێ هەینی ژمارەیەک کۆمپانیا گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ ئێران راگرت.

دواتر سەرۆکی رێکخراوی فڕۆکەوانی ئێران رەتیکردەوە، کە فڕۆکە ئۆکراینییەکە بە موشەک خرابێتەخوارەوە و دەڵێت، کردنەوەی سندووقە رەشەکە هەموو شتێک ئاشکرادەکات و قسەکانیان دەسەلمێنێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com