هەڵەبجەییەکان بەشێوازێکی نوێ خزمەت بە ژینگە دەکەن

0

شلێر سەعید: هەولێر

پلاستیك و نایلۆن یەكێكن لەو ماددە زیانبەخشانەی، كە ژینگە پیس دەكەن و بەم دواییانەش پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بەكارهێنانی عەلاگەی لە هەندێك شوێن قەدەغە كرد. بۆ بە دوورگرتنی ژینگە لەم ماددە زیانبەخشانەش، هاوكات وەك هاوكاریەك بۆ ئافرەتان، تاكو بخرێنە سەر كار، ”رێكخراوی نوێ” بەهاوكاری ”رێكخراوی واد”ی ئەڵمانی كارگەیەكی دروومانی بۆ دوورینی تورەكەی خام كردۆتەوە، تاكو وەك جێگرەوەیەكی نایلۆن و عەلاگە بەكاربهێنرێت. 

لەپێناو زیاتر گرنگیدان بە ژینگە و خستنە سەركاری ئافرەتان، كارگەیەكی دروستكردنی تورەكەی خام بۆ بەكارهێنانی وەك كیسەی خۆڵ لەبری عەلاگەی نایلۆن لە پارێزگای هەڵەبجە، دەكرێتەوە. 

ئەو تورەكانە دوای ئەوەی لەلایەن كارگەكەوە، كە هەمووی ئافرەتن دروست دەكرێت، لەلایەن ئەندامانی رێكخراوەكەوە لەنێو بازاڕ و قوتابخانە و خوێندنگە و شوێنە گشتییەكاندا بڵاودەكرێتەوە، تاكو ئیدی دوور بكەونەوە لە بەكارهێنانی عەلاگە و ماددەی پلاستیك. 

تورەكەكان لەژێر ناوی ”هەڵەبجە دۆستی ژینگەیە”، بەسەر شوێنە گشتیەكاندا دابەش دەكرێت لەلایەن ئەندامانی رێكخراوەكەوە. 

سەرپەرشتیاری پرۆژەی دروومانییەكە، گەشاو سەعید لە لێدوانێكدا تایبەت بە نوچە، ئاماژەی بەوەدا، كە ئەوان ئامانجیان لە دروستكردنی توركەكە بڵاوكردنەوەیەتی لە قوتابخانەكان و نێو بازاردا، تاكو ژینگە بپارێزن لەو ماددە زیانبەخشانە بە تایبەت پلاستیك و عەلاگە. هاوكات رایدەگەیەنێت، كە پرۆژەی دروومانییەكە لە مانگی ئابی ساڵی رابردووەوە دەستیكردووە بەكار.

گەشاو سەعید باس لەوە دەكات، كە یەكێكی تر لە ئامانجەكانیان لەم پرۆژەیەدا خستنەسەركاری ئافرەتانە لە پرۆژەیەكدا و دەڵێت ”لێرە ٢٥ ئافرەت بە دوو گروپ لە هەفتەیەكدا پێنج رۆژ، رۆژانە كاتژمێر ٩ تاکو ١٢ كار دەكەن.

 ئەوانەی ئێستا لەم پرۆژەیەدا بەرگدروون پێشتر، هەر لێرە خولیان بۆ كراوەتەوە و فێری دروومانی كراون. سوودی باشیان لێبینیوە”.   

لەلایەكی ترەوە، سەرۆكی رێكخراوی نوێ، كە ئامانجیان گرنگیدانە بە ژینگە، قەیسەر ئەحمەد، لە لێدوانێكدا لەبارەی سەرەتای پرۆژەكە و گەڵاڵە بوونییەوە بە نوچە-ی گوت ”سەرەتا، كە دەستمان پێ كرد، وەك گروپێكی بچووكی خۆبەخشی دەستمان پێ كرد لە رێگەی سیمینارەوە لە گوند و شارۆچكەكاندا، كارمان دەكرد لەسەر هۆشیاركردنەوەی خوێندكاران و خەڵكی سەبارەت بە ژینگە، بەڵام دواتر ئەوەمان بە باش زانی، كاتێك سەیرمان كرد، رێژەی بەكارهێنانی پلاستیك و عەلاگە لە ژینگە زۆر زۆرە، بۆیە بیرمان لەوە كردەوە لەبری عەلاگە، خەڵك شتێكی تر بەكاربهێنێت، كەمتر زیانی هەبێت بۆ ژینگە، ئەویش تورەكەی خامە”.  

لە کۆتاییدا گەشاو سوپاسی هەموو ئەوانەی کرد، کە هاوکاریان بوون بۆ بەگەڕخستنی پڕۆژەکە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com