شلێر سەعید: هەولێر
ئەندامێکی لیژنەی دارای و ئابوری لە پەرلەمانی کردستان رایدەگەیەنێت، کە لە پڕۆژەیاسای چاکسازی گەیشتن بە ئەنجام ئاسان نییە، چونکە هەزاران بندیوار و فرە موچە و خانەنشینی نائاسایی دەگرێتەوە.
پێشتر حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەیاسای چاکسازی رەوانەی پەرلەمان کرد و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا. لە کۆبوونەوەی دوێنێ چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش، کە بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوە چوو، دوو بڕگەی نوێی بۆ پڕۆژەیاساکە پەسەند کرد.
بڕیارە ھەفتەی داھاتوو پەرلەمان خوێندنەوەی دووەم لە بارەی پرۆژەیاسای چاکسازی ئەنجام بدات.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، د. شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان و ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابوری لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی دانیشتنی رۆژی یەکشەممەی داهاتو (۱۲ـ۱ـ۲۰۲۰) ڕایگەیاند: یەکشەممەی داهاتوو دانیشتن دەکرێت بۆ خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژەیاساکە و بڕگە بڕگە گفتۆی لەسەر دەکرێت. گوتیشی ”لە خوێندنەوەی سێهەم دەنگدانی کۆتایی لەسەر دەکرێت”.
شێرکۆ جەودەت ئاماژەی بەوەکرد، کە لە پڕۆژەکە گەیشتن بە ئەنجام ئاسان نییە، چونکە زیاتر لە ۲۰۰ هەزار بندیوار و فرە موچە و خانەنشینی نائاسایی دەگرێتەوە و لەهەمان کاتدا دەبێ سەد ملیار دینار بگەڕێتەوە بۆ دارایی گشتی؛ بۆیە تەحدای گەورەی لە پێشە. دەشڵێت ”پێم وایە بڕێک لەو چاکسازیانە پێویستە بێتە دی.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەوەی ئەوان داوای دەکەن نەهاتۆتە دی و دەشڵێت ”ئەوەی ئێمە داوای دەکەین، کەمترین خانەنشینی کەمتر نەبێ لە ٤۰۰ هەزار دینار. هەرچەندە حکومەتیش بەڵێنی داوە خانەنشینی بەرز بکاتەوە، بەڵام نەک ٤۰۰ هەزارەکە بۆیە ئێمە ناڕازی بووین.
ئەندامی لیژاەی داری وئابوری گوتیشی، داوایەکی دیکەمان کردووە، کە پاشەکەوتی موچە بە میکانیزمێک دابنرێت بۆ گێرانەوەی پاشەکەوتی موچە، بەڵام هێشتا رازی نەبووە لەسەر گێڕانەوەی پاشکەوتی موچە. گوتیشی ”ناڕەزایی هەیە لەسەر پڕۆژەکە، چونکە ئەوەی پێویستە بکرێ بەپێی پێویست نەهاتۆتە دی، هەرچەندە هەندێ شتی باشی تێدایە، بەڵام ئەوە نەبوو، کە ئێمە دەمانویست.