نەوزاد عەلی-سلێمانی
ئەندامێکی لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بۆ مامەڵەی تاپۆکردنی زەوەییە زێدەڕۆکان پێویستە هاوڵاتیان چاوەڕاوانی بڕیاری حکومەت بن.
لەماوەکانی ڕابردوو پەرلەمانی کوردستان، پڕۆژەیاسای تاپۆکردنی زەوی و خانووە زێدەڕۆکانی پەسەندکرد، بەپێی یاساکەش تاپۆكردنی ئەو زەویانەی زێدەڕۆییان كراوەتە سەر، لە سنووری پارێزگاكان تا ٢٥٠ مەتر لە نێوان ١٥-٣٠ هەزار دینار و لە قەزاكان تا ٣٠٠ مەتر لە نێوان ١٠-١٥ هەزار دینار و لەناحیەكانیش تا ٣٥٠ مەتر بە ٨-١٠ هەزار دینار بە ناوەوە دەكرێت، كەساکەش بە سوودمەند لە حكومەت ئەژمارناكرێن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، زکری ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی شارەوانی و ئاوەدانکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە تاپۆکردنی زەوییە زێدەڕۆکان ڕایگەیاند: بۆ جێبەجێ کردنی یاسای زەوی و خانووە زێدەڕۆکان، هێشتا رێکارەکانی لە ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی هەرێم تەواو نەبووە، بۆیە پێویستە هاوڵاتیان چاوەڕێی بڕیاری حکومەت بن، ئەوکات دەست بە مامەڵاکانیان بکەن، هەرکاتێکییش ڕێکارەکانی تەواو کران حکومەت خۆی فەرمی هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە.
زکری ئەحمەد گوتیشی “دوای تەواوبوونی ڕێکارەکانی یاساکەش لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، نووسراوی فەرمی ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی حکومەتی هەرێم و سەرجەم شارەوانییەکانی شار و قەزا و ناحیەکان دەکات، بۆ ئەوەی دەست بە تاپۆکردنی ئەو زوییانە بکەن”.
ئەو ئەندامەکەی لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت “دوای دەرچوونی بڕیارەکە لە ئەنجوومەنی وەزیران، هاوڵاتیان ماوەی ١٨٠ ڕۆژیان لەبەردەستدایە بۆ تاپۆکردنی زەوی و خانووە زێدەڕۆکان، پێوستە لەو ماوەیەدا سەرجەم مامەڵەکانیان تەواو بکەن”.