نەوزاد عەلی-سلێمانی
چاودێریكی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، کێشەکانی ئێران و ئەمریکا، کێشەی ئێستا نییە، کێشەیەکی قوڵە و بۆ کۆمەڵێک شت دەگەڕێتەوە، کە سەرەتای تەشەنەکردنی کێشەکانی نێوانیشیان لەسەر پرسی ئەتۆمی ئێران بووە.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی ٣-١-٢٠٢٠، لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا، بۆ سەر ئۆتۆمبێلەکانیان، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و هەشت کەسی دیکە لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کوژران، ئەمەش کاردانەوەی ناوخۆی نێودەوڵەتی هەبوو، لە بەرامبەریشدا کۆماری ئیسلامی ئێران شەوی ڕابردوو زیاتر لە ١٥ مووشەی بالیستیکی ئاراستەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەعێراق کرد.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، کاوە نادر، چاودێری سیاسی، سەبارەت بە پەرەسەندنی کێشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، ڕایگەیاند “کێشەکانی ئێران و ئەمریکا، کێشەی ئێستا نییە، کێشەیەکی قوڵە و بۆ کۆمەڵێک شت دەگەڕێتەوە، کە سەرەتای تەشەنەکردنی کێشەکانی نێوانیشیان لەسەر پرسی ئەتۆمی ئێران بووە، بەڵام لەناوەڕۆکدا کێشەکە ئەوەیە کە نفوزی ئێرانی لە ناوچەکەدا زیاد بووە و لەزۆر وڵاتی ناوچەکە بوونی هەیە و ململانێی ئەمریکا دەکات، ئەمریکاش دەیەوێت دەست بەسەر هەموو ناوچەکەدا بگرێت”.
بە بڕوای ئەو چاودێرە سیاسییە، کێشەکە تەنها کوشتنی قاسم سولەیمانی و ڕژێمی ئێران نییە، بەڵکو کێشەکە لەگەڵ خودی ئەو ئایدۆلژییەیە، کە ئێرانییەکان هەڵیان گرتووە. دەشڵێت “دوای ئەوەی، کە چەند ساڵێک شەڕی ئێران و ئەمریکا بە شەڕی سارد تێپەڕی، لەگەڵ کوشتنی قاسم سولەیمانی یارییەکە گۆڕا و ئەمریکا خۆی ڕاستەوخۆ هاتە مەیدانی شەڕەکەوە، هەر زووش لەسەر ئاستی باڵا دەستەڵاتی ئەمریکا ڕایگەیاند، من بڕیاری کوشتنیمداوە، قاسم سولەیمانی بڕبڕەی پشتی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو، بۆیە کوشتینی قاسم سولەیمانی گورزێکی کەمەر شکێن بوو بۆ ئێران و شۆکی کردن، چونکە پێشبینی ئەوەیان نەدەکرد”.
کاوە نادر گوتی “کوشتنی قاسم سولەیمانی لە حەقییقەتدا ئەوە بوێرییەکی گەورە بوو بۆ ئیدارەکەی ترامپ و ئەمریکاش، کە دەست بوەشێنن لە کەسێک، کە ڕەنگە زیاتر لە ٢٥٠ هەزار چەکداری بەس لە دەرەوەی ئێران هەبێت، ئەمەش جگە لە سوپای قودسی ئێران، هاوکات کەسێکی بڕیار بەدەستبووە لە ئێران لە دوای خامەنەیی، بۆیە کوشتنەکەی گەیشتە ئەو ئاستەی، کە تەوای شیعە هەستیان بە سوکایەتی کرد، کە لێیان دراوە و کەرامەتیان شکاوە، بۆیە هاتنە سەر شەقام و زۆربەی شیعەکان ئەوانەشی، کە لەگەڵ یەکتر تەبا نەبوون چوونە یەک بەرەوە لە دژی ئەمریکا”.
لە بارەی بژاردەکانی ئێران، دەڵێت “ئێران کەوتبووە سەر دوو ڕیانێک یان ئەوەتە گورز بووەشێنێتەوە، یان ئەوەتا ئاڵای سپی بۆ ئەمریکا هەڵبکات، هەردوو بژاردەکەش بە زیانی ئێران دەشکێتەوە، ئەگەر شەڕبکات لە ڕووی ئابووری و سەربازییەوە دەرقەتی ئەمریکا نایەت، چونکە ناکرێت بەراووردی توانی سەربازی ئێران بە توانای سەربازی ئەمریکا بکرێت، با ژمارەشیان زۆر بێت، بۆیە هەر شەڕێک لە نێوان ئەمریکا و ئێران ڕووبدات، بەدڵنیاییەوە ئێران لایەنی دۆڕاو دەبێت، چونکە ئەمڕۆ شەڕی تەکنیک و تەکنەلۆجیایە، ئەو تەکنەلۆجیایەشی لەبەردەستی ئەمریکایە لەبەردەستی ئێران نییە”.
سەبارەت بە کاردانەوەکەی شەوی ڕابردووی ئێران، گوتی “ئێرانییەکان پێویستیان بەوەبوو، کە شەقامی خۆیان کپ بکەنەوە، بۆ سڕینەوەی ئارەقی شەرمەزاری ناوچاوانی خۆیان، دەبوایە کاردانەوەیان بوایە ئەوەش کاردانەوەکەیان بوو، ئەو هەموو پڕوپاگەندەشی کە ئێران دەی کرد بۆ توانای سەربازی و مووشەکەکانی، دەرچوو مووشەکەکانی لەو ئاستەدانین و ناتوانن شتێکی ئەوتۆ بکەن.