نوچە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، نیگەرانن لەوەی لە پەرلەمانی عێراق یەکلایەنە بڕیاردراوە و جێگەی نیگەرانییە بۆ لایەنەکانی هەرێمی کوردستان و پێکهاتەکانی دیکەی عێراق.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە کۆبوونەوەکە بەگشتی تیشکمان خستەسەر ئەو بارودۆخەی، کە ئەمڕۆ لە عێراقدا هەیە و گوتی “بەشێوەیەکی گشتی هەرێمی کوردستان نیگەرانە لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە عێراق بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، جەختمان لەسەر ئەوە کردووەتەوە، کە پێویستە هەموو لایەک هەوڵی جددی بدەن بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە لە هەموو روویەکەوە”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد “ئێمە دژی ئەوەین و هەوڵی جددیش دەدەین هەرێمی کوردستان و عێراق بە شێوەیەکی گشتی، نەبێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێیەکان، کە ئێستا هەیە”.
نێچیرڤان بارزانی ئەوەی خستەڕوو، لەگەڵ سەرۆکی حکومەت لەسەر هێڵە لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانەی، کە لە دەرەوە و ناوەوە پەیوەندیدارن بەو بابەتەوە و هەوڵ و تواناکانیان بۆ ئەوەیە تاوەکو بتوانن ئارامی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان بپارێزن.
دەقی وتارەکەی نێچیرڤان بارزانی:
ئێمە ئەمڕۆ لە سەرۆکایەتی هەرێم دوو کۆبوونەوەمان هەبوو، کۆبوونەوەی یەکەم هەرسێ سەرۆکایەتی، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی حکومەت، کۆبوونەوەیەکی هاوبەشمان هەبوو لەسەر ئەم پێشهاتانەی کە ئەمڕۆ لە عێراق هەیە.
دوای ئەو کۆبوونەوەیەش، کۆبوونەوەیەکمان هەبوو لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی، کە هەموو لایەکیان بە سوپاسەوە دەعوەتی سەرۆکایەتی هەرێمیان قبووڵ کردو تەشریفیان هێنا، لە کۆبوونەوەکە بە گشتی تیشکمان خستە سەر ئەو بارودۆخەی کە ئەمڕۆ لە عێراقدا هەیە.
بە شێوەیەکی گشتی هەرێمی کوردستان نیگەرانە لە پەرەسەندنی ئاڵۆزی بۆ عێراق بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، جەختمان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پێویستە هەموو لایەک هەوڵی جیددی بدەن بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە لە هەموو روویەکەوە.
ئەوەی گرنگە بە نسبەت ئێمە لە هەرێمی کوردستان کە خۆشبەختانە فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراقدا هەموویان، بە سوپاسەوە هەر هەموو لایەکیان بە یەکگرتوویی هەڵوێستیان هەیە و پێکەوە کاردەکەن، لە هەرێمی کوردستانیش ئێمە وەکو هەموو ئەو لایەنانە کۆک بووین لەسەر ئەوەی کە مەرجی سەرەکی دەبێت پێکەوە کارکردنی ئێمە بێت.
ئێمە دژی ئەوەین و هەوڵی جیددیش دەدەین هەرێمی کوردستان و عێراق بە شێوەیەکی گشتی نەبێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێیەکان کە ئێستا هەیە.
من و سەرۆکی حکومەت هەردووکمان لەسەر هێڵین لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانەی کە پەیوەندیدارن بەو بابەتەوە هەم لە دەرەوە و هەم لە ناوەوە، هەوڵ و تواناکانی ئێمە بەشێوەیەکی گشتی هەم حکومەت هەم سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان، هەوڵی هەموو لایەکمان ئەوەیە بتوانین ئارامی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان بپارێزین. بەتەئکیدیش لەسەر ئەوە بەردەوام دەبین.
وەک ئاگادارن بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەو رووداوەی کە روویداوە لە سەربازگەی عەین ئەسەد و هەروەها ئەوانەی، کە بەرەو هەرێمی کوردستان هاتوون، خۆشبەختانە ئەوانەی بەرەو هەرێمی کوردستان هاتوون هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە، ئەوەش جێی دڵخۆشییە.
هیوادارین و هەموو هەوڵێکیشمان لەپێناو ئەوەیە ئەو بارودۆخە لەو ئاستە رابگیرێت و زیاتر تەشەنە نەکات و بارودۆخەکە پەرە نەسێنێت.
هەموو لایەکمان کۆک بووین لەسەر نیگەرانی جیددی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو بڕیارەی بەشێوەیەکی یەک لایەنە لە پەرلەمانی عێراق درا سەبارەت بە هێزەکانی هاوپەیمانان. ئێمە لە هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە پێمانوایە عێراق بەشێوەیەکی گشتی پێویستی بە پشتیوانی هێزەکانی هاوپەیمانان هەیە بۆ رووبەڕوونەوەی تیرۆریستانی داعش.
ئەوەی ئێمە دەیبینین و ئەو هەواڵانەی بۆمان دێت و ئەو زانیارییە ئەمنییانەی رۆژانە بەدەستمان دەگات، بەشێوەیەکی سیستەماتیک کردەی هێزە تیرۆریستییەکان لە عێراق بەرەو زیادبوون دەڕوات کە ئەمە جێگەی نیگەرانییە بۆ هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق.