عەبدولمەهدی: ئاگاداری هێرشەکە بووم

0

نوچە

سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئاشکرای کرد، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی زارەکی لە دەستپێکردنی موشەکبارانکردنەکە ئاگاداری کردوونەتەوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٨-١-٢٠٢٠ پەیامێکی زارەکییان لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێگەیشتووە، بەوەی ”وەڵامی تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی، پاش کەمێکی دیکە دەستپێدەکات“. ئەوەشیان پێگوتووە، کە لێدانەکە لە چەند شوێنێکی سنووردارە، کە سوپای ئەمریکا لە عێراق تێیدا بوونیان هەیە، ”بەبێ ئەوەی پێگەکان دیاری بکەن“.

عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوە داوە، کە رێک لە هەمان کاتدا، لایەنی ئەمریکیش پەیوەندییان پێوە کردووە، موشەکەکانیش لە بنکەکانی عێن ئەسەد لە ئەنبار و هەریر لە هەولێر و چەند شوێنێکی دیکە کەوتوونەتە خوارەوە. دەشڵێت “دەست بەجێ سەرکردە سەربازییەکانی عێراقمان بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست ئاگادار کردووەتەوە”.

فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئەوەی رەتکردووەتەوە، کە هیچ زیانێکی مرۆیی لە ئەنجامی مووشەکبارانکردنەکە کەوتبێتەوە، “لە لایەن هیزەکانی هاوپەیمانانیشەوە بە فەرمی هیچ زیانێکمان پێ ڕانەگەیەندراوە”.

عەبدولمەهدی لە راگەیاندراوەکەیدا دەشڵێت، کە ئەو لەگەڵ لایەنە دەرەکی و نێوخۆییەکان لە هەوڵدایە بۆ ڕێگەگرتن لەوەی عێراق بچێتە نێو شەڕێکی کراوەوە، کە عێراق و ناوچەکە دەبنە یەکەمین قوربانییەکانی.

هۆشداریشی داوە لە پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتەکە و دەستدرێژیکردنە سەر خاکەکەی، بۆیە “حکومەت لە هەوڵەکانی بۆ رێگەگرتن لە بارگرژیی زیاتر و رێزگرتنی هەمووان لە سەروەریی عێراق و زیادەڕۆیی نەکردنە سەری بەردەوامە”.

داواشی لە هەمووان کردووە، دان بە خۆیاندا بگرن و زمانی عەقڵ بەسەریاندا زاڵ بێت و پابەندی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بن و ڕێز لە دەوڵەتی عێراق و بڕیارەکانی حکومەتەکەی بگرن و هاوکار بن لە کۆنتڕۆڵکردنی ئەم قەیرانە مەترسیدارەی هاتووەتە پێشەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com