نوچە
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانی دڵنیا دەکاتەوە، کە ئەوەی لە توانایاندا هەبێت بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بە پارێزراوی بمێنێتەوە، دەیکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٨-١-٢٠٢٠، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پاش دەرچوونی لە کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: هەندێک رووداوی ناخۆش ڕوویان داوە، ئێمە بە نیگەرانیی قووڵەوە سەیریان دەکەین.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، کە ئەم گرژییەی لە ناوچەکەدا هەیە کەشێکی نائارام و ناسەقامگیری درووست کردووە، بەڵام ”هەموو هەوڵێک دەدەین و ئەوەی توانیومانە کردوومانە و دەیکەین تا دۆخەکە بەرەو هێوری بڕوات و سەقامگیری بۆ ناوچەکە دەگەڕێتەوە، ئەرکی لەپێشینەمان پاراستنی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەیەتی و هەموو هەوڵێک دەدەین کە هەرێم تێکەڵی ئەم کێشانە نەبێت و تووشی گرژی و کێشە نەبێت“.
مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە، کە لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە پەیوەندیی بەردەوام دەبن و ”دەمەوێ خەڵکی کوردستان دڵنیا بکەمەوە کە ئەوەی لە تواناماندا بێت دەیکەین بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بە پارێزراوی بمێنێت“.