نوچە
سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق رادەگەیەنێت، کوردستان دۆخێکی دیکەی هەیە دەبێت لەمە تێبگەین، پێشموایە تێگەیشتن لێی قورس نییە. دەشڵێت ”ئەو هەڵانەی بەرامبەریان کراوە چارەسەری بکەین”.
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیران، لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و دۆخی کوردستانی لە ململانێکانی ئەم دواییەدا قسەیکرد و رایگەیاند “لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لایەنی سەرەکی وەک هاوپەیمانیی کوردستان و هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان ئامادەی دانیشتنەکەی پەرلەمان نەبوون، ئەمەش کەموکوڕیەک بوو. من لە دانیشتنەکە ئەوەم گوت کە لەبەر ئەو کەموکوڕییە دوودڵ بووم لە بەشداریکردن، بەڵام لەنێوان پرسی شەڕ و ئاشتی و پرسی یەکێتیی نیشتمانی یەک لە بژاردەکانم هەڵبژارد”.
لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراقیش، عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوە کرد “پێویستە لەگەڵ برایانمان و هاوبەشەکانی نیشتمانمان دانیشین، ئەو هەڵانەی بەرامبەریان کراوە چارەسەری بکەین، دەبێت لە داواکارییە خۆجێیەکان و داواکاری پێکهاتەکان تێبگەین”.
سەبارەت بە دۆخی کوردستان، عادل عەبدولمەهدی دەڵێت “کوردستان دۆخێکی دیکەی هەیە دەبێت لەمە تێبگەین، ئەو راستییە دەزانین وڵات دووچاری مەترسی زۆر دەبێتەوە، دەبێت هەموومان بەشێوەیەک بژین بەبێ ئەوەی یەکێکمان داوای پارێزگاری دەرەکی بکات، بەڵکو دەبێت هەریەکەمان پارێزگاری لەوەی دیکە بکات. پێموایە دەبێت بەجیددی کار لەسەر هەموو ئەو بابەتانە بکەین”.
عەبدولمەهدی لەبارەی نامەکەی ئەفسەرێکی ئەمریکی کە تێیدا هاتبوو دەست بەکشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق دەکەن، رایگەیاند “دوێنێ نامەیەکمان بەدەستگەیشت لە فەرماندەیی ئەمریکا کە باسی کشانەوە دەکات، دوای چوار بۆ پێنج کاژێر گوتیان ئەم نامەیە هەڵەیە، نامەکە بەڕوونی ئاماژە بە کشانەوە لە عێراق دەکات، ئێمەش دەستبەجێ بۆ وەزیری دەرەوە و باڵیۆزی عێراق و لایەنەکانمان نارد، تاوەکو ئەو لایەنە لێکدانەوەی دیکە بۆ جموجووڵی هێزە سەربازییەکان نەکەن بەوەی چالاکی و جموجووڵی سەربازییە بۆ زیادکردنی ژمارەی هێزەکان کە هەندێک وەک دژی پرۆسەی کشانەوەی سەیر بکات و بیانەوێت رووبەڕووی ئەو هێزە ببنەوە”.
بەگوتەی عەبدولمەهدی، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەبێتەهۆی هێوربوونەوەی دۆخی ناوچەکە و لەوبارەیەوە گوتی “ئێمە گوتمان ئەو بابەتە دەبێتە هێورکردنەوەی دۆخەکە و کەمکردنەوەی مەترسییەکان. حکومەتیش لەسەر رێگەی دروست دەڕوات، بەڵام کاتێک ئەمە روویداوە دواتر گوتیان ئەمە هەڵەیە، ئێمە دەمانەوێت راستییەکە روونبکرێتەوە”.
سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق راشیگەیاند “دوای چەند کاژێرێک وەزیری بەرگریی ئەمریکا گوتی ئەمە هەڵەیە، باشە ئەی جارەکانی دیکە چۆ مامەڵەبکەین؟ باشە ئەمە راستە یاخود راست نییە؟ کاتێک داواکارییەکەمان بەدەستگەیشت نزیکەی کاژێر ٨:٠٠ بوو، وەرگێڕانە عەرەبییەکە لە یەکێک لە بڕەگەکان دژی دەقە ئینگلیزییەکەی بوو. پێمان گوتن وەرگێڕانە عەرەبییەکە جیاوازە لە ئینگلیزییەکە، ئەوان جارێکی دیکە کۆپییەکی دیکەی عەرەبییان بۆ ناردین کە وەرگێڕانەکەی هاوتای ئینگلیزییەکە بووە، بابەتەکە تەنیا کاغەزێک نییە فۆتۆکۆپی کرابێت، یاخود بە سودفە بێت، گوتیان ئەمە درافتێکە (رەشنووسە) باشە ئەمە درافتە، بەڵام ئەوەمان بەدەستگەیشتووە. ئێمە وەک دەوڵەت چۆن چۆنی مامەڵەبکەین و نامەیەکی دیکەمان بۆ بنێرن تاوەکو بابەتە بۆ گەلەکەمان و ئێمەش روونبێتەوە”.